پشکنین کراوە

ئایا ئاوی خواردنەوەی کۆیە پاکوخاوێنە؟

964+

وریا فەتاح

رۆژانە 38 هەزار مەتر سێجا ئاوى خواردنەوە دەدرێت بە هاوڵاتیانى کۆیە، لەبارەى کوالێتى و پاکوخاوێنى ئاوەکەش دڵنیایى دەدرێت، ئەمەش دوای ئەوەی پشکنینی بۆ کراوە.

“لە پێناو پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیان و گەیشتنی ئاوێکی تەندروست و دڵنیا بە هاوڵاتیان، تیمەکانی پشکنینی ئاو بەردەوام لە ئەرک و خزمەتکردندان”، تەندروستى کۆیە دواى پشکنینى ئاوى ماڵان ئەوەى بڵاوکردووەتەوە.

بە وتەى، هۆگر کەیفى، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى ئاوى کۆیە کە بۆ 964 قسەى کردووە، تا ئاو دەگات بە هاوڵاتیان دوو پشکنینى بۆ دەکرێت، پشکنینى کیمیایى پێش دابەشکردنى ئاوەکە، کە بەڕێوەبەرایەتى ئاو دەیکات و دواى دابەشکردنى ئاو پشکنینى بایەلۆجى تیمى تەندروستى کۆیە ئەنجامى دەدات.

پشکنینى کیمیایى، بۆ زانینى رادەى کلۆر و رێژەى لێڵى ئاوە، پشکنینى بایەلۆجى بۆ ئەوەیە بزانرێت ئاوەکە بەکتریاى تێدایە یان نا، یان رێژەى کەم و زیادى کلۆر لە ئاوەکەدا چۆنە

وەک ئەوەى هۆگر کەیفى باسى دەکات، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانى بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکان پشکنینى ئەو ئاوەیە، کە دەدرێت بە هاوڵاتیان، وەک روونى دەکاتەوە، پشکنینەکە بۆ گومانخستنە سەر پاکیى ئاوەکە نییە، بەڵکو ئەرکیکى سەرەکییە، کە دەبێت رۆژانە لیژنەى چاودێریى کوالێتى کۆنتڕۆڵى ئاو لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى تەندروستى ئەنجامى بدەن.

وەک روونى دەکاتەوە، ئەگەر گومانیان هەبێت لە پاکیى ئاوەکە، رێگرى دەکەن لە دابەشکردنى، یان ئەگەر لە پشکنینە بایەلۆجییەکانى تەندروستى گومانى لەسەر بوو، راستەوخۆ ئاگاداریان دەکەنەوە کە ئاو دابەش نەکرێت.

جەختیش دەکاتەوە،”ئاوى کۆیە پاکترینە لەسەر ئاستى شارەکان و تا ئێستا لە پشکنینەکان هیچ گومانێکى لەسەر دروست نەبووە”.

رۆژانە بەڕێوەبەرایەتیى ئاوى کۆیە، تەنیا لە سەنتەرى شاردا 38 هەزار مەتر سێجا ئاوى خواردنەوە لەسەر 18 هەزار و 700 هاوبەشى ئاودا دابەش دەکات

کۆیە ئاوى بۆ گەڕایەوە

کۆیە ئاوى بۆ گەڕایەوە