![بۆ کرداری پیتاندن مۆز لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان هەڵبواسن](https://ku.964media.com/storage/2024/06/CfmvdzcifH8BqnZ09YOx1g2uF6z546R3VDSx0gIrCACyXvSIz1QCuruhXNV2.webp)
ژمارەیەک مۆز کە بەکتریا و زیندەوەرە جیاوازەکان لەسەری گەشەیان کردووە _ وێنە: پێگەی Slurrp
ئەگەر حەزتان بە مێرووی سوود بەخشە
بۆ کرداری پیتاندن مۆز لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان هەڵبواسن
964+
ئەحمەد مستەفا
مۆز میوەیەكی گەرمەسێری بەناوبانگە و دەوڵەمەندە بە پێكهاتەی خۆراكی بەهێز كە دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ نەخۆشییەكان و زۆر حاڵەتدا بكات، هەروەک میوەیەكی خۆراكی نایابە بەهۆی تایبەتمەندی لە دابەزاندنی كێش و لە بەرنامی رێجیمی رۆژانەدا خۆراكێكی سەرەكییە.
پێگەی Healthline دەڵێت، ئەو میوەیە یارمەتی زۆرێك لە نەخۆشییەكانی لەش دەدات، وەكو كەم پتەوی ئێسك، كوێری، شەكرە و شێرپەنجەی گورچیلە، جگە لە چالاك كردنی كارەكانی مێشك.
بەرهەمێک ئەوە سودەکانی بێت بۆ مرۆڤ، ئاخۆ زیندەوەر و مێرووەکان چۆن رووی لێ ناکەن، ئەندازیارێک لە بەڕێوەبەرایەتی رێنمایی کشتوکاڵی سلێمانی گرنگی هەبوونی مۆز لە کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا بە پێویستی خواردنی مێرووە سوودبەخشەکان دەزانێ.
ئەندازیاری کشتوکاڵ، سەلام محەمەد رێنمایی بۆ جوتیاران هەیە و بە 964ی وت، “لە کاتی پیتاندندا باشترە جوتیاران، چەند مۆزێک لە کێڵگەکەیاندا هەڵبواسن، ئەوەش وا دەکات زۆرترین رێژەی مێرووی سود بەخش رابکێشێت کە ئەوەش دەبێتە ھۆی خێراکردن و باشترکردنی کرداری پیتاندن”.
ئەو ئەندازیارە هۆکاری خواستی مێرووە سوودبەخشەکانی بۆ ئەوە گێڕایەوە، “مۆز شیرینە و بۆنێکی خۆشی هەیە کە ئەو جۆرە مێرووانە حەزی پێ دەکەن و مۆزەکە سەرنجیان رادەکێشێت بۆ خواردن و وەرگرتنی پێکهاتەکانی”.
یەکێکی دیکە لە سودەکانی مۆز لەسەر زیندەوەران و مرۆڤ، رێژەی وزە لە جەستە زۆر دەكات، بەكارهێنانی مۆز بە بەردەوامی كار و چالاكی لەش زیاتر دەكات، پێکهاتەکانی وزەیەكی زیاتر بە خانەكانی لەش دەبەخشێت و كاری لەش باشتر دەكات.