لەسەر رووبەرى 500 دۆنم
ئەمریکا پشدەر و بیتوێن سەوز دەکات
964+
وریا فەتاح
بە هەوڵى بەڕێوەبەرایەتى دارستان و پاوانى راپەڕین، ژوورى بازرگانى ئەمەریکى رووبەری 500 دۆنم زەوى لە سنوورى رانیە و قەڵادزێ، سەوز دەکات.
250 دۆنم بۆ سنوورى رانیەیە و 250 دۆنمى بۆ سنوورى پشدەر
ئەندازیار ئیسماعیل محەمەد تەها، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى دارستان و پاوانى راپەڕین قسەى بۆ 964 کردووە و وتى،”بە سپۆنسەری ژووری بازرگانی ئەمریکی سەرپەرشتی دروستکردنی 500 دۆنم دارستان و سەوزایى دەکەین لە سنوورى ئیدارەى راپەڕین.
ئەو بەڕێوەبەرە بڕیاریدا بۆ دروستکردنى هاوسەنگى، 250 دۆنمى لە سنوورى رانیە و 250 دۆنمى لە سنوورى قەزاى پشدەر جێبەجێ بکرێت.
تێچووى پڕۆژەکە سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە (350 دەفتەر)، واتا بەس بۆ دروستکردنەکەى دواى ئەوەش بۆ ماوەى سێ ساڵ پێگەیاندن و ئاودێر لەسەر ژوورى بازرگانى ئەمریکایە
باسى لەوەشکردن لە سنوورى قەڵادزێ 150 دۆنمى دەکەوێتە نێوان هەردوو غاباتەکە و لە رێگەى سەوزکردنییەوە لە مەترسى داگیرکردن دەیپارێزن 100 دۆنمەکەى دیکەشى لە شوێنێکى دیکە کە تائێستا دیارى نەکراوە جێبەجێ دەکرێت.
هەرچەندە ئیدارەى راپەڕین گرفتى لەسەر دەرخستەى پڕۆژەکە هەیە و پێى وایە سنوورى قوەڕەگۆ بۆ دەربەند ناوچەیەکى گەشتییارییە، بۆیە تائێستا ئەو رووبەرەى لە سنوورى رانیە جێبەجێ دەکرێت دیار نییە.
پڕۆژەکە لەماوەى دوو ساڵدا تەواو دەکرێت، لە 1.6.2024ـەوە هەژمار دەکرێت و لە مانگى 9ـى ئەمساڵدا دەست بە کارکردن دەکرێت و دەبێت تا 1.6.2026 تەواو بکرێت.
بە وتەى ئەندازیار ئیسماعیل محەمەد تەها، هەڵبژاردنى ئەو شوێنانەى کە دەکرێن بە رووبەرى سەوزایى بۆ ئەوەیە کە زەوییەکان لە داگیرکارى بپارێزن، چونکە وەک خۆى دەڵێت، “ئەو شوێنانە چاوى داگیرکارییان لەسەرە”.
ئەو نەمام و دارانەى لە پڕۆژەکەدا دەڕوێنرێن، جگە لە دارى سروشتى غاباتەکان، دارى توو و هەنجیر و سێو و فستەق و زەیتونیش و چەند جۆرێکى تر بە پێى تایبەتمەندى شوێنەکان دەچێنرێن.
هەروەک روونیشى دەکاتەوە، لەبەر ئەوەى بەپێى پڕۆژەکە بۆ هەر 100 دۆنمێک یەک بیرى ئیرتیوازى لێدەدرێت، ناتوانن کەمتر لە 100 دۆنم لەشوێنێک جێبەجێ بکەن.