كاره‌بای‌ مۆلیده‌… بانێك و چوار هه‌وا

میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر

ناو کابینەیەکی مۆلیدەی ئەهلی کارەبا – Social Media

بۆ مانگی‌ رابردوو له‌ هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چوار شێوازی‌ جیاوازی‌ پێدانی‌ كاره‌بای‌ مۆلیده‌ په‌یڕه‌و كراوه‌ له‌گه‌ڵ چوار جۆر نرخی‌ جیاواز.

به‌رزترین نرخ‌ و زۆرترین ماوه‌ی‌ پێدانی‌ كاره‌با له‌ هه‌ولێر بووه‌، كه‌مترین نرخ‌ و كه‌مترین كاتژمێری‌ پێدانی‌ كاره‌با له‌ سلێمانی‌ بووه‌.

لە سلێمانی نرخی یەک ئەمپێڕ لە نێوان 12 هەزار و 500 دینار بۆ 13 هەزار و 500 دینار، لە هەولێر لەنێوان 16 هەزار و 250 دینار بۆ 18 هەزار و 500 دینار، هەروەها لە دهۆک 15 هەزار دینار بووە.

بە وتەی هەکار هرۆری، ئەندامی کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە مافی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بۆ میدیازان، مانگی رابردوو لەو پارێزگایە، بۆ هەر رۆژێک حەوت کاتژمێر و 33 خولەک کارەبای مۆلیدە دابینکراوە.

قارەمان مەولود، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێریش بە میدیازانی گوت، مانگی رابردوو، لە رۆژێکدا 9 کاتژمێر و 30 خولەک کارەبایان دابینکردووە.

لەلایەکی دیکە، لیژنەی دیاریکردنی نرخی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، مانگی رابردوو، بە نزیکەیی حەوت کاتژمێر کارەبایان دابینکردووە.

میدیازان زانیویەتی لە پارێزگای هەڵەبجە، نرخی یەک ئەمپێڕ کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی رابردوو لەنێوان 14 هەزار و 500 دینار بۆ 17 هەزار دینار بووە.

هاوکات، لە ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین نرخی یەک ئەمپێڕ کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی رابردوو 13 هەزار دینار بووە و نزیکەی هەشت کاتژمێر لە رۆژێکدا کارەبا دابینکراوە.

چاوەڕێدەکرێت لەم مانگەدا نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان کەمتر ببێتەوە، چونکە لە کاتەکانی سەرەتای وەرزی بەهار و پایزدا، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی زیاتر دەبن، کە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بۆ کەش و هەوای لەبار و کەم بەکارهێنانی کارەبای دەگەڕێننەوە لەلایەن هاونیشتیمانیان.