چاککردنەوەی شەقامە جیاجیاکان
شارەوانیی هەولێر بەخۆکەوتووە
964+
بەهرە محەمەدئەمین
هەڵمەتەکانی شارەوانیی هەولێر بۆ چاککردنەوەی شەقامەکان و رێکخستەوەی بازاڕ و نەهێشتنی زێدەڕۆیی بەردەوامە و لە چەند لایەکەوە تیمەکان کار دەکەن، شارەوانیش دەڵێت: بەردەوام دەبین.
لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو، سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر سێ راگەیەندراوی جیاوازی لەسەر بەردەوامی ئەو هەڵمەتانە بڵاوکردووەتەوە کە هەر یەکێکیان لە شوێنێکی هەولێر ئەنجامدراوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانی، کە لە لاپەڕەی فەرمی فەیسبووکی شارەوانی بڵاویانکردووەتەوە، دوێنێ شۆستە و شەقامەکانی کۆگاکانی پشت فاملی مۆڵ رێکخراوەتەوە و تیمی لابردنی زێدەڕۆیی بە مەبەستی رێکخستنەوەی شەقامەکە گشت کەلوپەلەکانیان لاداوە.
لە راگەیەندراوێکی دیکەشدا سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر دەڵێت، تیمەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی دوو، چوار و پێنج، چاڵ و شکستەکانی شەقامی مەخمور، گەڕەکی شارەوانی نزیک ژێر پردی شەقامی 120 مەترییان چاککردووەتەوە، چەند شەقامێکیشیان لە گەڕەکی ئاری قیرتاوکردووە.
شارەوانی هەولێر هەڵمەتی رێکخستنەوەی شەقامی ئیسکانی دەستپێکرد
لە راگەیەندراوی سێیەمی شارەوانیی هەولێردا هاتووە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سێ، دوورگەی ناوەندی شەقامی 100 مەتری بەردەم گۆڕستانی شێخ ئەحمەدیان هەڵگرتووە، دەستیشیان بە قیرتاوکردن و چاککردنەوەی چاڵ و شکستی هەمان شەقام و شەقامی هەولێر – پیرمامیش کردووە.
“مەبەستمان جوانکردنی سیمای شارو نەهێشتنی ئاستەنگی هاتوچۆیە”، شارەوانیى هەولێر وا دەڵێت.
دەربارەی بازاڕەکانیش، سەرۆکایەتی شارەوانی رایگەیاندووە، سەرەڕای بەردەوامی کارکردن لە بازاڕی سپی، تیمەکانی شارەوانیی چواریش بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، هێڵی دانانی کاڵایان بۆ دوکانەکانی بازاڕی لەنگەی کۆن ئەنجامداوە، تا لە دانانی کەلوپەلەکانیاندا لەو هێڵە تێنەپەڕن، ئەمەش رێنماییەکی نوێیە و پێویستە کاسبکار و خاوەن دوکانەکان پێیەوە پابەند بن.
رێکخستنەوەی بازاڕەکانی شاری هەولێر هەڵمەتێکی رۆژانەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرە، بە تایبەت دوای زۆربوونی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکانی هەولێر، کە دەگوترێت زێدەڕۆییەکان هۆکاری تەشەنەسەندن و درەنگ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکانن.