25 ساڵ ئەزموون
پلاسخارت بوو بە نوێنەری تایبەتی سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان لە لوبنان
964+
بەهرە محەمەدئەمین
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستنیشانکردنی جینین پلاسخارتی هۆڵەندی وەک نوێنەری تایبەتی نوێی خۆی لە نووسینگەی رێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لوبنان (UNSCOL) راگەیاند.
پلاسخارت شوێنی جوانا ورۆنێکای پۆڵەندی دەگرێتەوە، کە سکرتێری گشتی سوپاسی پابەندبوون و سەرکردایەتیکردنەکەی کرد لە ماوەی کارکردنی لە نووسینگەی لوبنانی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
پلاسخارت، کە لە ساڵی 2018ەوە تا ئێستا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانە لە عێراق، زیاتر لە 25 ساڵ ئەزموونی لە بواری دیپلۆماسی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
پلاسخارت، لە ساڵانی 2012-2017 وەک یەکەم ژن پۆستی وەزیری بەرگریی هۆڵەندای وەرگرتووە و لە 2010-2012ش ئەندامی پەرلەمانی وڵاتەکە بووە.
پلاسخارت هەر چوار زمانی ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئەڵمانی و هۆڵەندی دەزانێت و لە ماوەی ساڵانی 2004-2010 وەک ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا کاری کردووە.