چی دەڵێت؟

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانی سه‌رۆكی ئێرانه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، له‌ توویتێكدا له‌ تۆڕی ئێكس، نیگه‌رانیی خۆی بۆ رووداوی كه‌وتنی فڕۆكه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری ئێران ده‌ربڕیوه‌.

نێچیرڤان بارزانی نووسیویه‌تی، “به‌ نیگه‌رانییه‌كى قووڵه‌وه‌ چاودێریی هه‌واڵه‌کانی ڕووداوی هیلیکۆپته‌ری سه‌رۆک ڕه‌ئیسی ده‌که‌م. له‌ خوای مه‌زن داواکارم خۆیان و یاوه‌رانی باش و سه‌لامه‌ت بن، دڵمان لایانه‌ و نزای خێریان بۆ ده‌که‌ین. له‌م کاته‌ سه‌خته‌دا بیرمان له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تی و گه‌لی ئێرانی دۆست و دراوسێدایه”‌.

ئه‌م ئێواره‌یه‌ هێلیكۆپته‌ری سه‌رۆكی ئێران ئیبراهیم ره‌ئیسی به‌هۆی خراپی كه‌شوهه‌وا دووچاری دابه‌زینێكی زه‌حمه‌ت بووه‌، هێشتاش نازانرێت سه‌رۆك و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و تیمه‌كه‌ی چیان به‌سه‌رهاتووه‌.

سه‌رۆكی ئێران له‌ رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی به‌نداوی هاوبەشی قیزقەڵاسی بووه‌ له‌‌سه‌ر رووباری ئاراس و پێش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ تاران، هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ی به‌ ناچاری و به‌ زه‌حمه‌ت له‌ ناوچه‌یه‌كی نزیكی شاری ته‌ورێز نیشتووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی خراپیی كه‌شوهه‌واوه‌، به‌ڵام هێشتا نه‌دۆزراته‌وه‌ له‌ كوێن و دیار نییه‌ رووداوه‌كه‌ چۆن بووه‌.