ژوورێک پڕ بووە و ژوورێکی دیکە ئامادەکراوە
خەونی کۆکردنەوەی شریت 10 ساڵە حوسێنی سەرقاڵ کردووە
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
حوسێن ئەبو زەینەب، کە دانیشتووی خانەقینە و لە دەیەی چوارەمی تەمەنییەتی، ماوەی 10 ساڵە هۆگری کۆکردنەوەی شریتی ڤیدیۆی (VHS)ە، تا گەیشتە رادەیەک کە ئەمڕۆ زیاتر لە 10 هەزار شریتی لەناو ژوورێکی ماڵەکەیدا کۆکردووەتەوە.
تەمەنی ئەم شریتانە جیاوازە و هەندێکی سەدەیەکی تێپەڕاندووە و تا دەگاتە دەیەی پێشوو، هەروەها جۆرەها بەرهەمی جیاوازی تێدایە لە ( فیلم کارتۆن، زنجیرە دراما، فیلم سینەمایی، وەرزش، گۆرانی و شانۆ) چەندانیتر.
ئەبو زەینەب، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ 964 وتی، “چەندین ساڵە ئالودەی کڕین و کۆکردنەوەی ئەم شریتانەم، ئێستاش ژوورێکی ماڵەکەم تەرخانکردووە بۆ ئەم مەبەستە و هەموو هۆکارەکانی گەرمکردن و ساردکردنم بۆ ژوورەکە داناوە بۆ پاراستنی ئەم گەنجینەیەم”.
محەمەد حوسێن، کوڕە بچوکی ئەبو زەینەبە و تەمەنی نۆ ساڵە یارمەتیدەرێکی باشی باوکیەتی و لە ئێستاوە کار لە رێککردن و پاراستنی ئەم شریتانە دەکات و لەگەڵ باوکی خەونی دروستکردنی مۆزەخانەیەکیان هەیە بۆ کەل و پەلەکانیان.
لەگەڵ پڕبوونی ژوورەکە، لە ئێستاوە ژوورێکی دیکە لە ماڵەکەیان ئامادەکراوە بۆ شریتی تر، کە لە ئایندەدا دەگاتە دەستیان، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی سەردەمیش خەریکە ئەم ماڵە دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ یوتیوبەر و ئەو کەسانەی کە بەدوای بەرهەمەکانی ناو ئەو شریتانەدا دەگەڕێن، چونکە لە شوێنیتر دەستناکەون.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا
