شاخی خۆشک
شوێنەوارێکی چوار هەزار ساڵە لە گەرمیان دۆزرایەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەمڕۆ شەممە 18.5.2024 لە رۆژی جیھانی مۆزەخانەدا، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان دۆزینەوەی نەخشی پەیکەرێکی ھەڵکۆڵراویان لەسەر شاخی خۆشک لە ناحیەی مەیدان راگەیاند.
ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان بە 964ـی وت، “لە مانگی تەموزی ساڵی رابردوو، لەلایەن ئاسایشی گەرمیان لە بوونی شوێنەوارێک لە سەر شاخی خۆشک لە ناحیەی مەیدان ئاگاداریان کردینەوە، ئێمەش رۆشتینە جێگاکە و دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد لەسەر شوێنەوارەکە”.
شوێنەوارەکە پەیکەری ھەڵکۆڵراوی سەربازێکی سەرکەوتووە، کە قاچی خستۆتە سەر سەری دیلەکەی ، بەرزی پەیکەرەکە چوار مەتر دەبێت و مێژوەکەی بۆ نزیکەی چوار ھەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەمەوە دەبێتە دووەم پەیکەری ھەڵکۆڵراو لە سنووری گەرمیان تائێستا دۆزرابێتەوە، ساڵەح محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ و شوێنەوارناس سەرقاڵی توێژینەوەیەکی وردن لەسەر ئەو شوێنەوارە، لە ئایندەیەکی نزیکدا بە زمانی کوردی و ئینگلیزی لە گۆڤارە جیھانیەکان بڵاوی دەکەینەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی