بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر گەیشتووەتە ناو دەزگا زۆر هەستیارو مەترسیدارەکان

هەر رۆژێک بازرگانێک و حەوت کیلۆ مادەی هۆشبەر دەگیرێت

964+

ژوورى هەواڵ

ئەمڕۆ ئاشکراکرا کە تۆڕێکی مەترسیداری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، ئەوانەی تێیدا بوون لە دەزگای زۆر هەستیار لە بەغداو کوردستان کاریان کردووە، جگە لەمانەش تەنیا دوو هەفتەی سەرەتای ئەم مانگە لە سێ پارێزگاکەی خۆمان ئاسایش دەستگیرکردنى بازرگانی زۆر مەترسیدارو مادەی هۆشبەری زۆری راگەیاندووە.

بە 15 رۆژ هەرسێ ئاسایشی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، دەستگیرکردنی 14 بازرگان و دابەشکارو سەروو 100 کیلۆ مادەی هۆشبەرو کارگەو جۆری سەیری ئەو مادانەیان راگەیەندراوە، خۆ ئەگەر شەش و بەشی بکەیت رۆژی بەنزیکەیی بازرگانێک و حەوت کیلۆ مادەی هۆشبەر گیراوە.

ئەمە تەنیا ئەوەندەیە کە راگەیەندراوە، ژمارەکە لەوە گەورەترە، بەڵام هەندێکیان هێزە ئەمنییەکان لەبەر تێکنەچوونی رەوتی لێکۆڵینەوەو دۆزینەوەی سەرەداوەکان هێشتا نایڵێن.

ئەوەی ئەمڕۆ هەینی 17.05.2024 دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رایگەیاند زانیاری سەیری تێدایە، یەکێکیان بازرگانێکی گەورەی نێودەوڵەتیەو سیانەکەی تر لە دەزگا ئەمنییەکانن، یەکێکیان لای خۆمان لە کوردستان، ئەوەیتر لە فەوجی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەغدا و سێیەمیشیان لە دەزگا ئەمنییەکانی زیقار، ئەمەش مەترسیدارترین دامەزراوەکانی دەوڵەتن بازرگانانی مادەی هۆشبار پێیان بگەن.

لە ژووری هەواڵی 964 تەماشای راگەیەندراوەکانی ئاسایشی هەولێرو سلێمانی و دهۆکمان کردەوە لە یەکی ئەم مانگە هەتا 15ی مانگ، تەنیا ئەوەی راگەیەندراوە داتای سەیری تێدایەو لە شێوە تەقلیدییەکەی جاران ناچێت، بۆ نموونە: کارگەی دروستکردنی مادەی هۆشبەر، بازرگانی هیندی، مادەی هۆشبەری شل.

ئەمەی لێرە هەیە پوختەی جموجۆڵ و چاوکراوەیی هێزە ئەمنییەکانی خۆمانە لەم دوو هەفتەیەدا:

15.05.2024

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان: دوو بازرگان لە موسڵ دەستگیرکران، بڕی 15 کیلۆ و نیو  ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ دەستی بەسەرداگیرا .

15.05.2024

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک: دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە پارێزگای دهۆک دەستگیرکرانو بڕی 51 کیلۆگرام شلەی مادەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا.

ئەمە مانگی دوو روویداوە، بەڵام دوای دەرچوونی ئەنجامی تاقیگەیی تازە ئاسایشی دهۆک رایدەگەیەنێت.

11.05.2024

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک: گروپێکی سێ کەسیمان دەستگیرکرد کە کریستاڵ و هیرۆینیان پێبوو دەیانویست بڵاوی بکەنەوە.

08.05.2024

دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی):  باندێکی بازرگانی نێودەوڵەتی مادەی هۆشبەرمان هەڵوەشاندەوەو 30 کیلۆ کریستاڵمان گرت، باندەکە چوار کەس بوون.

ئەمە مانگی چوار روویداوە، بەڵام ئاسایش لە مانگی پێنج بڵاویکردەوە.

06.05.2024

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر: بازرگانێکی خەڵکی هیندستانمان دەستگیرکرد، کریستاڵ و کەلوپەلی پێوانەکردنی لابوو، لە هەولێر نیشتەجێیەو مادە هۆشبەرەکەی بەسەر هاوڵاتیانی بیانیدا دابەش دەکرد.

04.05.2024

دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی): لە ئیدارەی راپەڕین بازرگانێکی نێودەوڵەتی مادەی هۆشبەرمان دەستگیرکرد، سێ کیلۆو نیو مادەی هۆشبەری پێبوو، لە نێوان عێراق و سوریا بازرگانی دەکردو بەنیازبوو بڕێکی زۆر بنێرێت بۆ بەغدا، چەند جاری تر هەوڵی دەستگیرکردنی دراوە، بەڵام بە چەک رووبەرووی هێزەکان بووەتەوە.

02.05.2024

دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی): لە ناحیەی مەیدان کارگەیەکی دروستکردنی مادەی هۆشبەرمان دۆزییەوەو چوار تۆمەتبار دەستگیرکران.

ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دەستگیرکردنی باندێکی مەترسید...

ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دەستگیرکردنی باندێکی مەترسیداری مادەی هۆشبەر رادەگەیەنێت