بەسەدان
نەورەسەکان بەخاک سپێردران
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
بە گرتنەبەرى رێکارى تەندروستى و خۆپارێزى ئەمڕۆ هەینى 17.5.2024، نەورەسە مردارەوەبووەکانى سنورى دەریاچەى دوکان سوتێنران و دواتر بەخاکسپێردران،
تەنیا ئەو نەورەسانە کۆکراونەتەوە کە دەکەونە سنورى ئیدارەى راپەڕین لە دەریاچەى دوکاندا
سەعدی تەیب، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتێرنەری راپەڕین بە 964ـی وت،”ژمارەی ئەو نەورەسە مردارەوەبوانەى کۆمانکردوونەتەوە و سوتاندومانن نزیکەی 500 دانەبوون، هەموویمان بەشێوازێک زانستییانە ژێرخاک کرد لەپێناو رێگری کردن لە گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە بۆ باڵندەکانی ناوچەکە”.
ئاشکراشى کرد، بە هەزاران بێچوو لەو ناوە ماونەتەوە کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە و چاوەڕێ دەکرێ مردار ببنەوە.
بەپێی لێدوانی بەڕێوەبەری ڤێرتێرنەری راپەڕین، دوای ئەوەی ئەمڕۆ سەردانی دوورگەکەیان کردووە، هەستییان کردووە کە نەخۆشییەکە لەناو باڵندەکان کەمتر بووبێتەوە، چونکە بەراورد بە پێشووتر باڵندەکان چالاکتر بینراون و پێیانوایە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کاریگەری هەیە لەسەر لەناوچوونی ڤایرۆسەکە.
لەپێناو رێگری کردن لە گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە، بەردەوام لەلایەن مەفرەزەیەکی پۆلیسی دارستانی راپەڕینەوە چاودێری دورگەکە دەکرێ و رێگە نادرێت هیچ کەسێک سەردانی شوێنەکە بکات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح