لە نۆی بنەڕەتی
سێ یەکەمەکە لە هەولێرن
964+
بەهرە محەمەدئەمین
دوای یەک رۆژ لە تەواوبوونی تاقیکردنەوەی نیشتیمانی، وەزارەتی پەروەردە ئەمشەو ئەنجامی خولی یەکەمی پۆلی نۆی بنەڕەتی بڵاوکردەوە، پارێزگای هەولێریش 15 قوتابی یەکەمی هەیە.
ئەمشەو وەزارەتی پەروەردە لینکی ئەنجامەکانی خستە بەردەستی قوتابیانی قۆناغی نۆ و ئاگاداریشی کردنەوە کە دەتوانن لە ماوەی 4 رۆژدا لە رێگەی قوتابخانەکانیانەوە پەڵپ لە ئەنجامەکان بدەن.
هەرچەندە وەزارەتی پەروەردە بە فەرمی ناوی یەکەمەکانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بە گوێرەی راگەیەندراوێکی ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر بێت، هەولێر سێ لە یەکەمەکان و بەرزترین رێژەی دەرچونیشی لە ئاستی کوردستان بە دەستهێناوە.
ئومێد خۆشناو لە راگەیەندراوەکەدا پیرۆزبایی لە پەوروەردەو مامۆستایانی پارێزگاکەی کردووە و دەڵێت، رێژەی دەرچون لە پارێزگای هەولێر 61.2٪ـە، 15 قوتابیش پلەی یەکەم تا سێێەمیان بەدەستهێناوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سێ قوتابی هەولێر بە تێکڕای نمرەی 100 لە پلەی یەکەمن، پێنج قوتابیش بە تێکڕا نمرەی 99.83 لە پلەی دووەم و حەوت قوتابی دیکەش بە تێکڕا نمرەی 99.67 پلەی سێیەمیان گرتووە.