تۆتنهام و ستى

ئەمشەو پریمەرلیگ یەکلایى دەبێتەوە؟

964+

وریا فەتاح

ئەنجامى ئەویارییەى ئەمشەوى نێوان تۆتنهام و مانچستەر ستى هەرچۆنێک بێت، بەرێژەیەکى زۆر ناسنامەى تیپى پاڵەوانى ئەم وەرزەى پریمەرلیگ دیارى دەکات، بۆیە ستیزن نایەوێت هەلەکە لەدەست بدات، راهێنەرى تۆتنهامیش دەڵێت، ئاسان نین.

کاتژمێرى 10:00ـى ئەمشەو بە کاتى کوردستان، تۆتنهام لە یارییەکى دواخراوى هەفتەى 34ـى خولى نایابى ئینگلیزى، میواندارى مانچستەر ستى دەکات کە تاڵە مویەک لە نازناوەکەوە دورە.

تیپە لەندەنییەکە دواى وەرگرتنى دیارییەکەى لیڤەرپول کە دوێنێ لەگەڵ ئەستۆن ڤێلا بە ئەنجامى سێ گۆڵ بۆ هەردوولا یەکسان بوون، هیواى سپێرزى بۆ گەیشتن بە یارییەکانى وەرزى داهاتووى چامپیۆنزلیگ زیندوو کردەوە، هەر بۆیە ئەو هیوایەى تیپە لەندەنییەکان دەشێت بێهیوایى بۆ ستیزنەکان بهێنێت.

دۆخى هەردوو تیپەکە چۆنە و ئامانجیان چییە؟

تۆتنهامى خاوەن یاریگا، 36 هەفتەى لە نایابى ئینگلیزى بەڕێکردووە و 63 خاڵى کۆکردووەتەوە و لە پلەى پێنجەمدایە و 5 خاڵ لە ئەستۆن ڤێلاى رکابەرییەوە دوورە کە خاوەنى پلەى چوارەمە.

ناسنامەى تیپى چوارەمى پریمەرلیگ کە بەشدارى چامپۆنزلیگى داهاتوو دەکات، لە نێوان تۆتنهام و ئەستۆن ڤێلادایە، بۆیە تۆتنهام دەیەوێت بەهەر رەنجێک بێت سێ خاڵى یارییەکەى ئەمشەو وەربگرێت و تیپى چوارەمى پریمەرلیگ بێت کە نوێنەرایەتى ئینگلیز دەکات لە چامپۆنزلیگ.

مانچستەر سیتى لە 36 یارى ئەم وەرزەى پریمەرلیگ، 85 خاڵى هەیە و یەک خاڵ لە دواى ئارسیناڵەوەیە، بەڵام بە بردنەوەى یارییەکەى ئەمشەوى دوو خاڵ دەکەوێتە پێش گەنەرز و بە رێژەیەکى زۆریش نازناوەکە یەکلایى دەکاتەوە.

بۆیە یارییەکەى ئەمشەوى نێوان سپێرز و ستیزن لەچەند لایەکەوە یەکلایى کەرەوە دەبێت، ئەگەر هاتوو تۆتنهام یارییەکە بباتەوە لە سەرێکەوە دەتوانێت ئارسیناڵ بکاتە پاڵەوانى وەرزەکە و تۆتنهام بنێرێت بۆ چامپیۆنزلیگى داهاتوو و بلیتەکە لە ئەستۆن ڤێلا وەربگرێتەوە، بەڵام لە ئەگەرى بردنەوەى ستیزن ئەوا هیواى گەنەرز کۆتایى دەهێنێت و گەیشتنى تۆتنهام بە وەرزى داهاتووى چامپیۆنز لیگ لەناو دەبات.

هەردوو تیپ چارەنوسى خۆیان لە ژێر قاچەکانی خۆیاندایە، بەڵام لەگەڵیدا چارەنوسى ئارسینال و ئەستۆن ڤێلاش کەوتووەتە بن قاچى یاریزانانى یارییەکەى ئەمشەوى ستیزن و سپێرز.

هاندەرانى تۆتنهام خەونێکى کوشندەیان هەیە

لەم دواییانەدا هاندەرانی تۆتنهام لە نێوان خۆیاندا دابەشبوون، هەرچەندە سروشتییە هەموویان هیوایان بە یانەکەیان هەبێت لە مانچستەر سیتی و دواتریش شێفیڵد یونایتد بباتەوە و بگات بە چامپیۆنز لیگ، بەڵام دەنگەکانی تر لەنێو ریزەکانی هاندەرانی سپێرزدا ئەوەیە کە هیوا بە دۆڕانى یانەکەیان بخوازن بۆ ئەوەى مان ستى ببێتە پاڵەوان و خەونى ئەرسیناڵى رکابەرى ئەزەلیان کۆتایى بێت کە 20 ساڵە لە شانۆى بەدەستهێنانى نازناوەکە دوور کەوتووەتەوەز

ئەوان پێیان وایە بەشداری نەکردن یانەکەیان بۆ ماوەی وەرزێک لە پاڵەوانێتییە گەورەکانی ئەوروپا هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست ناکات، بەڵام پاڵەوانبوونى ئارسنال داخ دەکاتە دڵیانەوە.

بۆیە هاندەرانی تۆتنهام لەنێوان خۆیاندا دابەشبوون و لەنێوان خەونی پاڵاوتنی ئەوروپی و پێشکەشکردنی خزمەتێکی مێژوویی بۆ یەکەمین دوژمنیان لەو شارەدا، تێماون.

لای خۆیەوە راهێنەری تۆتنهام ناڕەزایی خۆی دەربڕی و لە هەمان کاتدا ئیدانەکردنی خواستی ئەو هاندەرانەى تیپەکەى کرد کە هیوا بە دۆڕانى تیپەکەیان دەخوازن بۆ ئەوەى ئەرسینال نەبێتە پاڵەوان.

ئەو دوو رۆژ لەمەوبەر وتى، ئەگەر بچیتە سۆشیال میدیا، 99% هاندەران نایانەوێت تۆتنهام سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەڵام ئێمە بۆ سەرکەوتن دەچینە یاریگاوە.

مێژووى رووبەڕووبونەوەى هەردوو یانە 140 یارییە کە تۆتنهام بە بردنەوەى 57 یارى باڵادەستە و ستى 53 یارى براوە بووە، لە پۆیمەرلیگیش تۆتنهام 28 یارى براوە بووە و مانچستەر ستى 17 یارى بردووەتەوە و لە هەشت یاریدا یەکسان بوون و هەر لایەکیشیان 77 گۆڵى تۆمار کردووە.

خه‌ریكه‌ نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی پرێمه‌رلیگ یه‌كلاد...

خه‌ریكه‌ نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی پرێمه‌رلیگ یه‌كلاده‌بێته‌وه‌