قایمقامی خانەقین بۆ 964

هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ نەهێشتنی زمانی کوردی لەسەر تابلۆکان

راژان باجەڵان – خانەقین

ماوەی چەند رۆژێکە لە شاری خانەقین دەنگۆی لابردنی هێماکانی هاتوچۆ هەیە بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراق کە بە زمانی کوردی نوسراون و لە بری ئەوەدا زمانی عەرەبی بەکاربهێنرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە 12.5.2024 دلێر حەسەن سایە، قایمقامی خانەقین بە 964ـی وت، هێماکانی هاتوچۆ کە بە زمانی کوردی نوسراون لە لایەن پۆلیسی هاتوچۆی خانەقین / کوردستان ساڵانێکە دانراون و سەردانی وەزیری ناوخۆی عێراق پێنجشەممەی رابردوو بۆ شاری خانەقین بە مەبەستی هەندێک رێککەوتن و خاڵی تری ئەمنی بووە و کردنەوەی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی خانەقین ، بەڵام لە بارەی لابردنی زمانی کوردی لە جادەکانی شارەکە هیچی نەوتووە و هیچ بڕیارێکی نەداوە.

وتیشی، زمانی کوردی زمانی دووەمی عێراقە و لەشاری خانەقین کە ناوچەیەکی جێناکۆکە و زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن هەبوونی زمانی کوردی لەسەر جادەکان مافی خەڵکە و کارێکی دەستورییە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی