نهێنی مانه‌وه‌ى دارى كوێستان له گه‌رمیان
دار قه‌زوانه تاقانه‌كه‌ى گه‌رمیان گه‌رماش ده‌ره‌قه‌تى نایه‌ت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له سنوورى گه‌رمیان ته‌نیا دارێكی قه‌زوان هه‌یه ئه‌ویش كه‌وتووه‌ته سنوورى گوندى ئاوایی فه‌قێ مسته‌فا له ناحیه‌ى سه‌نگاو و وه‌ك ده‌بیندرێت دارێكی گه‌ش و سه‌ره‌نجڕاكێشه و گه‌رمى پله‌كانى گه‌رماى گه‌رمیان نه‌یتوانیوه وه‌ك پێویست كاریگه‌رى بخه‌نه سه‌ر.
دار قه‌زوان، یه‌كێك له‌و داره خۆڕسكه به‌هێزانه‌ى ناو سروشتى كوردستان كه زۆربه‌ى زۆریان له ناوچه شاخاوییه‌كان و كوێستانى و فێنكه‌كان ده‌ڕوێن و گه‌شه ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گه‌رمیان شتێكى ده‌گمه‌نه.
داره‌كه، چوار كیلۆمه‌تر كه‌وتووه‌ته باشوورى رۆژهه‌ڵاتى ئاوایی فه‌قێ مسته‌فا و له‌ناوچه‌یه‌كه پێی ده‌ڵێن بان كورده‌میر.
سه‌عید ئیسماعیل حسێن، خه‌ڵكى گوندى فه‌قێ مسته‌فا و خاوه‌ن بڕوانامه‌ى باخدارییه له كۆلیژى كشتوكاڵ به 964ـى وت، دار قه‌زوانه‌كه ته‌نیا داره له سنوورى گه‌رمیان و له كۆنه له سنوورى گونده‌كه‌یان هه‌یه.
وتیشی “پێشتر داری جیاواز له گونده‌كه‌مان هه‌بوونه و به‌شێكی زۆریان به‌هۆى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا و گه‌رمى گه‌رمیانه‌وه وشكبوونه و له‌ناو چوونه، به‌ڵام ئه‌م دار قه‌زوانه هه‌روه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه”.
به‌قسه‌ى سه‌عید، نازاندرێت داره‌كه ته‌مه‌نى چه‌نده، به‌ڵام ئاماژه به‌وه‌ده‌كات له‌وه‌ته‌ى گونده‌كه‌یان هه‌یه باسی ئه‌و داره‌ش كراوه.
باس له‌وه‌ش ده‌كات، پێده‌چێت مانه‌وه‌ى ئه‌م تاكه داره ئه‌وه‌بێت كه سنوورى گونده‌كه‌یان له‌چاو گونده‌كانى دیكه‌ى گه‌رمیان فێنكتره، چونكه به‌پێی هه‌ڵكه‌وته‌ى جوگرافى، گوندى فه‌قێ مسته‌فا، له رووبار‌ى ئاوه‌سپی و چه‌می مامران نزیكه.