هۆکارەکەی روونکراوەتەوە

گەشتی عەمرە رادەگیرێت

964+

پێشەوا محەمەد

بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی حەجکردنەوە وڵاتی سعودییە لە ناوەڕاستی مانگی پێنجدا گەشتی عەمرە رادەگرێت، وەزارەتی ئەوقافی هەرێم دەڵێت، تا دوای گەڕانەوەی حاجییان عەمرە دەستپێناکاتەوە.

ساڵانە چەند هەفتەیەک بەر لە رۆیشتنی حاجییان بۆ وڵاتی سعودییە، گەشتی عەمرە رادەگیرێت و ئامادەکاری دەکرێت بۆ پێشوازی لە حاجییان.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، لە 18ـی مانگی پێنج تا کۆتاییهاتنی حەج و گەڕانەوەی حاجییان گەشتی عەمرە رادەگیرێت.

وتیشی، “راگرتنەکە کاتییە و ساڵانە پێش بەڕێکەوتنی حاجییان گەشتی عەمرە رادەگیرێت و ئەمساڵ کۆتایی مانگی پێنج گەشتی حاجییان دەستپێدەکات”.

بەهۆی راگرتنی گەشتەکانەوە، کۆمپانیاکانی هەرێم لە چەند هەفتەی رابردوودا داشکاندنیان بۆ گەشتی عەمرە کردبوو، بە جۆرێک بە رێگەی وشکانی بە 360 دۆلار و بە رێگەی ئاسمانیش هاتبووە 600 دۆلار.

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 کۆمپانیا، کە مۆڵەتی وەزارەتی ئەوقافیان هەیە هاتوچۆ بە گەشتیارانی عەمرە و حاجییان دەکەن.

وتەبێژەکەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم وتیشی، “ئەمساڵ چوار هەزار و 174 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی فەڕیزەی حەج سەردانی وڵاتی سعودییە دەکەن”.

لە ساڵی 2024ـدا تێچووی حەج زیاتر دەبێت

لە ساڵی 2024ـدا تێچووی حەج زیاتر دەبێت