هەندێکیان چۆن گڕ دەگرن؟

گومان لە سووتانی بەشێک لە ئۆتۆمبێلە کۆنەکان دەکرێت

964+

پێشەوا محەمەد

پسپۆڕێکی بەرگریی شارستانی گومان لە سووتانی بەشێک لە ئۆتۆمبێلە کۆنەکان دەکات و دەڵێت، هەندێکیان لە لایەن خاوەنەکانیانەوە دەسووتێندرێن تا پارەیان بۆ کۆبکرێتەوە.

لە هەرێمی کوردستان وەک نەریتێکی لێ هاتووە کاتێک لە شوێنێک ئۆتۆمبێلێک دەسووتێت راستەوخۆ هەندێ هاوڵاتی لەو جێگەیە دەست دەکەن بە پارە کۆکردنەوە بۆی و چەند جارێک روویداوە پارەی زۆر زیاتر لە ئۆتۆمبێلە سووتاوەکە بۆ خاوەنەکی کۆکراوەتەوە یان لە لایەن بازرگانێکەوە بۆ کڕدراوەتەوە.

گۆران ئەحمەد سماقەیی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە 964ـی راگەیاند، گومان لەسەر سووتانی بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانە هەیە کە دەسووتێن و لە لایەن خاوەنەکانیانەوە بە ئەنقەست گڕیان تێپەبەردەدرێت.

وتیشی، “ئەوە نەریتێکی زۆر جوانە هاوڵاتیانی کوردستان هاوکاریی خەڵکانی لێقەوماو بکەن، بەڵام بۆ مانەوە و ماناداریی ئەو هاوکارییە نابێت کەسانێک ناشیرینی بکەن و بە ئەنقەست ئاگر لە ئۆتۆمبێلەکانیان بەردەن تا پارەیان بۆ کۆبکرێتەوە”.

بە بڕوای ناوبراو، بەشێک لە رووداوەکانیش راستەقینەن و بەهۆی کێشەیەک لە ئۆتۆمبێلەکەدا ئاگر دروست دەبێت و ئۆتۆمبێلەکە دەسووتێت.

بەپێی بەدواداچوونێکی 964، ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 389 ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان سووتاون.

لە کۆیە ئۆتۆمبێلێک سووتا

لە کۆیە ئۆتۆمبێلێک سووتا