"مەترسی لەسەر ژیانی قوتابیەکان ھەیە"

لە گەرمیان چوار قوتابخانە مەترسی رووخانیان لەسەرە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گەرمیان، چوار قوتابخانە ھەن کە مەترسی رووخانیان ھەیە و لەگەڵ ئەوەشدا دەوامیان تێدا دەکرێت، بەڕێوەبەری پەروەردەش دەڵێت، دەوامکردن لەو قوتابخانانە ناچارییە.

ئەو چوار قوتابخانەیەی کە مەترسی رووخانیان ھەیە بریتین لەقوتابخانەکانی (کەلار، پەژار ، بێدار ، کوڵەجۆ).

دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان بە 964ـی وت، ئەو چوار قوتابخانەیە مەترسی روخانیان ھەیە، بەناچاری و بەھۆی نەبوونی بینای جێگرەوە قوتابیان دەوامی تێدا دەکەن و مەترسیش لەسەر ژیانیان ھەیە.

دەبێت ئەو چوار قوتابخانەیە بە تەواوی بڕۆخێندرێن و لەجێگایان بینای تازە دروستبکرێت، ھەر قوتابخانەیەکیشیان پێویستی بە دوو ملیار دینارە، دارا ئەحمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، 70 قوتابخانەی دیکەیان ھەیە کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە ھەیە، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە کاری نۆژەنکردنەوەیان بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دوو قوتابخانە 50%ى کارەکانی تەواو بووە، بەھۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانیان وەستاوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی