مەكگۆڕك ئه‌مجاره‌ بۆچی هاتووه‌؟

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

كەمێك پێش ئێستا برێت مەکگۆرک، نوێنەری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا گەیشتە هه‌رێمی كوردستان و لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی لێكرا.

مەكگۆرك لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و ئاستەنگییەكانی بەردەم هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێت.

سەرچاوەیەكی تایبەت لە نێو سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە بە +964ی وت” مەكگۆرك رژده‌ لەسەر ئەوەی كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی چارەسەر ببێت و دەبێت هەردوولا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا “مەكگۆرك جەختی لە چارەسەركردنی كێشەكانی پێشمەرگە و  بەردەوامی گفتوگۆكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش كردووەتەوە”.

سه‌رچاوه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی 964+ ئاشكراشی كرد، مەكگۆرك سەردانی سلێمانی دەكات و لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆدەبێتەوە.

پێش هاتنی بۆ هه‌رێمی كوردستان، برێت مەكگۆڕك، دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ سەردانی رۆژئاوای كوردستانی كرد و لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات كۆبووەوە.

بەپێی زانیاریەكانی 964+ مەكگۆڕك دڵنیایی داوە، ئەمریكا پشتیوانی سەرەكی رۆژئاوای كوردستان دەبێت و هەموو هەوڵێك دەدرێت رێگری لە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بكرێت.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی، كه‌ له‌لایه‌ن سەرچاوەیه‌كی تایبه‌ت لە رۆژئاوای كوردستانەوە بۆ 964+ پشتڕاستكراوه‌ته‌وه‌، كۆبانێ داوای لە مەكگۆرك كردووە، پێویستە پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان بن و هەماهەنگ بن لەسەر چارەسەركردنی كێشەی چەكدارانی داعش لە رۆژئاوای كوردستاندا .