درێژکراوەتەوە

ئەو کەسەى دەیەوێت ببێتە کارمەندى رۆژى دەنگدان تا 5 رۆژى دیکە دەبێت فۆڕمەکە پڕ بکاتەوە

964+

وریا فەتاح

ماوەی داواکاری بۆ کارکردن وەک کارمەندی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەرلەمانى کوردستان تا 28ـى نیسان درێژکرایەوە.

بەپێى ئاگادارییەکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ماوەى داواکارى بۆ کارکردن وەک کارمەندى دەنگدان بۆ رۆژى هەڵبژاردن تا 28.4.2024 درێژکراوەتەوە.

رۆژی 4.4.2024 لینکەکە کارا کراوە و تا رۆژی 28.4.2024 کراوە دەبێت، خوازیاران دەتوانن لەم لینکەوە فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 10 مەرجی بڵاوکردوەتەوە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ببنە کارمەندی کۆمسیۆن لە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

مەرجەکانی کۆمسیۆن ئەمانەن:

1. پێویستە پێشکەشکار لەدایکبووی 1969 گەورەتر نەبێت و لە 2005 بەرەوسەروو تر نەبێت.

2. کەمترین بڕوانامە بۆ (ئەوانەی فەرمانبەرن) نابێت لە ئامادەیی کەمتربێت.

3. قوتابیانی سەرجەم قۆناغەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان کە خوێندن تیایاندا دوای تەواوکردنی ئامادەییە، بەو مەرجەی تەمەنی پێشکەشکار لە 19 ساڵ کەمتر نەبێت.

4. بۆ (دەرچوانی دانەمەزراو) کەمترین بڕوانامە (دبلۆم)ە، جگە لەو ناوەندی تۆمارانەی کێشەی کەمی کارمەندیان هەیەو پێشوەختە لەلایەن کۆمسیۆنەوە دیاری دەکرێن، کە خاوەن بڕوانامەی ئامادەییش دەتوانن فۆرمی بۆ پڕبکەنەوە.

5. پێویستە پێشکەشکار (کارتی دەنگدانی ئەلیکتڕۆنی) هەبێت.

6. پێویستە لە دانیشتوانی پارێزگاکە بێت.

7. دەبێت بۆ سنوری ناوەندی تۆمارکردنەکەی خۆی فۆرم پڕبکاتەوە.

8. نابێت پێشتر بڕیاری سزادانی بۆ دەرچووبێت و لە پاداشتی کۆمسیۆن بێبەش کرابێت، یاخود لە وانەبێت کە دووجار یان زیاتر پەنجەمۆری کردووە، یاخود کارمەندی ئەو وێستگانە بووبێت کە پەنجەمۆری دووبارەی هەبووە.

9. نابێت لە خزم و نزیکانی پاڵێوراوانی (هەمان بازنەی هەڵبژاردن) بێت، وەک (باوک، دایک، کوڕ، برا، خوشک، هاوسەر، هاوژین، مام، خاڵ).

10. پێشکەشکار دەبێت بەڵێننامەیەکی دەستنووس پڕبکاتەوەو بەڵێن بدات کە رێوشوێنەکانی لێپرسینەوەو دادگەری نایگرێتەوە و، حوکم نەدراوە بەئەنجامدانی تاوان و، یەکێک نەبێ لە ئەندامانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان وە نابێت نوێنەری پارتە سیاسیە رکابەرەکان یان یەکێک لە چاودێرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەڕۆژی دەنگدان، وە دەبێت سەربەخۆبێت و، پابەندبێت بە بنەماکانی ڕەفتاری ئامادەکراو لەلایەن کۆمسیۆنەوە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جگە لەو مەرجانە چەند رێنوێنیەکی بڵاوکردوەتەوە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە و هەر خوازیارێک دەیەوێت فۆڕمەکە پڕ بکاتەوە پێویستە ئەم هەنگاوانە پەیڕەو بکات.

– لەسەر ڕێکارو مەرجەکانی پێشکەشکردن ڕەزامەند ببە.

– بە تۆمارکردنی ژمارەی دەنگدەر و ژمارەی بنکەی تۆمارکردنی دەنگدەران لە خانەی دیاریکراو دەچیتە ناو فۆڕمەکە.

– خانە بەتاڵەکان بە جوانی وبەبێ هەڵە پڕدەکرێتەوە ، لەکاتی بوونی هەڵە لەفۆڕمەکە کێشە بۆ پێشکەشکردنەکەت لەوانەیە دروست بێ، پێویستە ژمارەیەکی کارای مۆبایل تۆماربکرێ کەبتوانرێت بە ئاسانی دواتر پەیوەندی پێوە بکرێت.

– لەکۆتایی کلیک لەسەر دووگمەی چاوپێخشاندنەوە دەکرێت دڵنیا دەبیەوە لە دروستی و پڕکردنەوەی هەموو خانەکان.

– دووگمەی ناردن دادەگری.

– پاشان نسخەیەکی خەزن دەکەی لەو ئامێرەی کە فۆڕمەکەت پێ پڕکردۆتەوە .

– نسخەیەک کۆپی ڕەنگاوڕەنگ دەکرێت کە (دوو پەڕە فۆڕمەکە کەبارکۆدی لەسەرە لەگەڵ زانیاری پەشکەشکارەکە )یە ،لەگەڵ بەڵگەنامە پێویستەکان بەپێی جۆری پێشکەشکردن (فەرمانبەر، قوتابی زانکۆ و پەیمانگاکان ، دەرچوانی دانەمەزراو) دەیگەڕێنیەوە بنکەی تۆماری دەنگدەران.

– بۆ دڵنیابوونەوە لەناردنی فۆڕمەکە یان لەکاتی لەبیرچوون لە خەزن کردن و کۆپی کردنی فۆڕمەکە دەتوانی بگەڕێیەوە سەر فۆڕمەکە بە تۆمارکردنەوەی (ژمارەی دەنگدەر+ژمارەی بنکەی تۆمارکردن + ژمارەی مۆبایل).

کۆمیسیۆن: ئەمڕۆ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران کۆ...

کۆمیسیۆن: ئەمڕۆ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران کۆتاییدێت و درێژناکرێتەوە