خولێک دەبێتە فریادڕەسی کۆمەڵێک کەس و دادەمەزرێن
964+
ئاودێر عومەر – سلێمانی
لە سلێمانی خولێکی راهێنان بۆ زیاتر لە چوار هەزار دەرچووی پەیمانگه و کۆلیژ و ئامادەییە کشتوکاڵییەکان و ڤێنتەرنەری کرایەوە، ئهمهش بە مەبەستی دامەزراندنیان بۆ سەرپەرشتیاری پڕۆژە کشتوکاڵییە تایبەتەکان.
پرۆژەكە پێشنیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ههرێمه، لە پرۆژەیاسای ژمارە 20 ساڵی 2021 لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کراوە لە بەرژەوەندی ئەو خوێندکارانەی دەرچووی پەیمانگه و کۆلیژ و ئامادەییە کشتوکاڵییەکانن و تا ئێستا دانەمەزراون، تا بتوانرێت هەلی کاریان بۆ دەستەبەر بکرێت.
جوتیار خالید جێگری بەڕێوبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە 964+ راگەیاند ” بوارەکانی کشتوکاڵ شەش جۆر پسپۆریین، بەڵام خولەکە سێ پسپۆریی لەخۆدەگرێت، وەک سامانی ئاژەڵ، رێنمایی کشتوکاڵی و باخداری، ئەو کەسانەی لە تاقی کردنەوەکاندا دەردەچن، دەخرێنە سەر پرۆژە کشتوکاڵییە ئەهلییەکان و بە پێی یاسای خانەنشینی کاروباری کۆمەڵایەتی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ههروهها ئەو ماوەیەی لە كەرتە تایبەتەکاندا كار دهكهن، بە خزمەت بۆیان هەژمار دەکرێت.
964+ دەزانێت، لە ناوەڕاستی ساڵی رابردووهوه، ئەو کەسانەی دەرچووی بوارە کشتوکاڵییەکان و فێنتەرنەرین له کۆلیژ و پەیمانگه و ئامادەییە کشتوکاڵییەکانن، لە هەموو کوردستان 11 هەزار فۆڕمیان پڕكردووهتهوه،، كه چوار هەزار و 70 فۆڕم لە سلێمانی پرکراونەتەوە.
دلێر جوامێر، ماوەی 17 ساڵە فەرمانبەری بەشی سامانی ئاژەڵە لە بەڕێوبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی، وەک وانەبێژێک لە خولەکەدا وانە بە بەشداربووەکان دەڵێتەوە.
ئهو بە 964+ی وت “بەشداربووەکان خۆیان شارەزایی باشیان هەیە، وانەکان زیاتر بۆ ئامادەکردنیانە، کە دەبنە سەرپەرشتیاری پرۆژەیەک بزانن چی دەکەن و چۆن سەرکەوتوو دەبن، ئێمە زیاتر کارە عەمەلیەکانیان پێدەلێین”.
ئارام ئیبراهیم، بەشداربوویەکی خولەکەیە و دەڵێت، “ماوەی 13 ساڵە دەرچووی کۆلیژی کشتوکاڵ بەشی سامانی ئاژەڵیم، دەرفەتی کارکردن بۆ بەشەکەی ئێمە کەم بووە، هیوادارین لەم پرۆژەیەدا بتوانین لە بوارەکەی خۆماندا کارمان دەست بکەوێت.