ددیمهنێكی ئه‌و مادانه‌ى لیژنه‌كه‌ى چاودێری ده‌ستى به‌سه‌ردا گرتوون... وێنه‌كان: راگه‌یاندنى ناحیه‌ى سوورداش
سه‌رۆكى لیژنه: لێپرسینه‌وه‌شمان كردووه
لیژنه‌یه‌ك له گونده‌كانى سوورداش به‌دواى ماده‌ى به‌سه‌رچوودا ده‌گڕێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش، گونده‌كانى سنوورى ناحیه‌ى سورداشى سه‌ر به قه‌زاى دوكان به‌سه‌رده‌كاته‌وه و چاویان له‌سه‌ر ماده‌ى به‌سه‌رچووى دوكان و ماركێته‌كانه بۆ ئه‌وه‌ى رێگرى له بڵاوبوونه‌وه‌ى بكه‌ن.
لیژنه‌كه، لیژنەی هاوبەشی ئابوری و چاودێری بازاڕى پێده‌ڵێن، ئه‌ندامى ته‌واوى فه‌رمانگه حكومییه‌كانى ناحیه‌ى سورداشی تێدایه و هه‌ر شه‌ش مانگ جارێك گۆڕانكاریان به‌سه‌ردادێت.
هاوژین حه‌سه‌ن، سه‌رۆكى لیژنه‌كه به 964ـى وت، سه‌ردانه‌كانیان بۆ گونده‌كانى سنوورى ناحیه به‌رده‌وامه و لانیكه‌م هه‌فته‌ى سه‌ردانێك ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
وتیشی “له‌هه‌ندێك دوكان و ماركێتی گونده‌كان ده‌ستمان به‌سه‌ر ماده‌ى به‌سه‌رچودا گرتووه و لێپرسینه‌وه‌شمان له‌گه‌ڵیان كردووه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد به‌شێك له ماركێت و دوكانى گونده‌كان به ئه‌نقه‌ست ماده‌ى به‌سه‌رچوویان له شوێنه‌كانیان هێشتووه‌ته‌وه ده‌یفرۆشنه‌وه به خه‌ڵك، به‌شێكیشیان كه‌سانى نه‌خوێنده‌واریشن به‌ڵام ماده‌ى به‌سه‌رچوو له‌دوكانه‌كانیاندا نیه.
دوایین سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یان بۆ دوكان و مارکێتەکانی هەردوو گوندی هۆمەرقەوم و شەدەڵە بوو، هه‌روه‌ك سه‌رۆكى لیژنه‌كه ده‌ڵێت، لە ئەنجامى ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ماده‌ى به‌سه‌رچوو، سزای سەرپێچیکاران دراو رێنماییشیان پێدان.
ده‌شڵێت “شوێنیش هه‌یه بێ كێشه‌و گرفته و دەستخۆشیمان لێیان كردووه”.
هاوژین ده‌ڵێت، له‌ماوه‌ى ئه‌و شه‌ش مانگه‌ى ئه‌و سه‌رۆكایه‌تى لیژنه‌كه ده‌كات زۆربه‌ى گونده‌كانى سنووره‌ى ناحیه‌ى سوورداش گه‌ڕاون كه ژماره‌یان نزیكه‌ى 34 گونده و ده‌شڵێت “به‌رده‌وامیش ده‌بین له به‌سه‌ركردنه‌وه‌كانمان”.
به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 ناحیه‌ى سورداش یه‌كێكه له‌و ناحیانه‌ى كه له رێگه‌ى لیژنه چاودێرییه‌وه بازاڕى گونده‌كانى به‌سه‌رده‌كاته‌وه و له‌و گوندانه رێگرى له بڵاوبوونه‌وه‌ى ماده‌ى به‌سه‌رچوودا ده‌كات.