بڕوانامەی دەرچووەکانی دەبێتە جیهانی

کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی متمانەی هەڵسەنگاندنی جیهانیی پێبەخشرا

964+

پێشەوا محەمەد

کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی متمانەی هەڵسەنگاندنی جیهانیی لە لایەن دەستەی متمانەپێکردنی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و دڵنیایی جۆری وڵاتی ئەردەنەوە پێدرا و لەمەودوا بڕوانامەی دەرچووەکانی لە جیهاندا باوەڕپێکراو دەبێت.

دەستەکە لە ماوەکانی رابردوودا سەردانی کۆلێژەکەیان کردووە و چەند رۆژێک پشکنین و چاوپێکەوتن و لێکۆڵینەوە و گەڕانیان لە زانکۆی سلێمانی و بەتایبەت لە کۆلێژی پزیشکی ئەنجامداوە.

توانا عەبدولڕەحمان، راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی زانکۆکەی راگەیاندووە، پڕۆسەی متمانە بەخشین دەزگای نێودەوڵەتی (World Federation for Medical Education) كردوویەتی بە مەرجێكی سەرەكی بۆ دانپێدانان بە كۆلێژە پزیشكییەكان لە هەموو جیهاندا.

وتیشی، “ساڵی رابردوو تیمێكم دروستكرد بۆ ئەوەی سەرقاڵی ئەم پڕۆسەیە بین، هەر لە پڕۆگرامی خوێندنەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن بۆ شێوازی ئەو پڕۆگرامانەی كە ئێمە پێشكەشی خوێندكارانی دەكەین، هەروەها زۆر وردەكاریی تر كە لە رێگەی دەزگایەكی باوەڕپێكراوی خۆیان لە نزیكەوە تەماشایان دەكردو لێیان دەكۆڵییەوە”.

ئەو متمانەیەی بەو کۆلێژەی زانکۆی سلێمانی بەخشراوە بۆ ماوەی چوار ساڵە و وەک راگرەکەی دەڵێت، بەبێ هیچ مەرجێک ئەو متمانەیەیان پێدراوە.

“یەكەم زانكۆین كە لە هەرێمی كوردستاندا ئەم متمانەیەمان پێبەخشراوە هەروەها چوار ساڵەكەش زۆرترین ماوەیە. گرنگی ئەم متمانە بەخشینە لەوەدایە کە لەمەودوا خوێندكارەكانمان بڕوانامەكانیان دانپێدانراوە لە هەموو جیهاندا”، توانا عەبدولڕەحمان وای وت.

لە گووگڵ سکۆلەردا زانکۆی سلێمانی یەکەمی هەرێمە

لە گووگڵ سکۆلەردا زانکۆی سلێمانی یەکەمی هەرێمە