"ئەمساڵ گیا زۆرە"

ئاگربڕ لە پارکی هەواری شار ئەنجام درا

964+

پێشەوا محەمەد

پارکی هەواری شار ئاگربڕی بۆ کرا و بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، ئەمساڵ گیا زۆرە و ئەگەری ئاگرکەوتنەوە زۆرە.

ساڵانە پێش وشکبوونی گژوگیا لە ناوەوە و دەرەوەی پارکەکە ئاگربڕ ئەنجام دەدرێت، بەشێکی بە ئامێرەکانی وەک شۆفڵ دەکرێت و بەشێکیشی بە دەرمانی دژە گیا ئەنجام دەدرێت.

فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار بە 964ـی راگەیاند، ئاگربڕی پارکی هەواری شار لە ئیشە سەرەکییەکانیانە، چونکە هەر ئاگرێک لەناو پارکەکە بکەوێتەوە، دەبێتە هۆی لەناوبردنی سەوزاییەکی زۆر.

وتیشی، “هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوەی پارکەکە ئاگربڕ دەکرێت و هێشتا بەشێکی ناو پارکەکە ماوە و بە دەرمانی دژە گیا ئەنجام دەدرێت”.

پاركی هەواری شار، لەسەر رووبەری چوار هەزار و 400 دۆنم زەوی دروست كراوە، دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای شاری سلێمانی و ئەمساڵ زیاتر لە سێ هەزار نەمامی لێ رووێندراوە.

فەرەیدون عومەر ئاماژەی بەوەش دا، ساڵانی رابردوو ئاگری گەورە لەناو پارکەکە دروست نەبووە، “ئەوەی هەبووە بچووک بووە و بەهۆی فڕێدانی جگەرە یان ئاگرکردنەوەوە دروست بووە و زوو کۆنتڕۆڵ کراوە”.

دوو خەزانی نوێی ئاو بۆ پارکی هەواری شار داندران

دوو خەزانی نوێی ئاو بۆ پارکی هەواری شار داندران