دیاری قەرەداغی بەدڵێکی شکاوەوە
+964
پەرستۆ ساڵح – هەولێر
هونەرمەند دیاری قەرەداغی یەکەم کلیپی لە ساڵی 2023 بە ناوی “لێرە وایە” بڵاودەکاتەوە، بەپێی تێکستی گۆرانییەکەی بێت دیاری حەسرەتێکی زۆری لەدڵدایە.
بڕیاره رۆژی سێ شەممە 17ی کانونی دووەم کاتژمێر 7ی ئێوارە، لە چەناڵی یوتوبی دیاری قەرەداغی و زۆربەی پلاتفۆرمەکانی تر بڵاوبێتەوە.
هونەرمەند دیاری قەرەداغی تایبەت بە +964 وتی “بۆ ئەم کارە هیچ سپۆنسەریەکم نەبووە و هیچ هاوکاریەکیش وەرناگرم”.
گۆرانی “لێرە وایە” هۆنراوەی شاعیر مازیار فایەقە، هونەرمەند دیاری قەرەداغی خۆی کاری مێلۆدی و ڤۆکالی بۆ کردووە، دەروون قەرەداغی کاری دەرهێنانی کلیپی بۆ کردووە.
دیاری قەرەداغی ئەمساڵ بەم کارەوە ناوەستێت، پلانی هەیە چەند بەرهەمێکی دیکەی جیاجیاى هەبێت، بەڵام لەئەلبوومدا کۆیان ناکاتەوە.
ماوەیەکی زۆرە دیاری قەرەداغی هیچ ئاهەنگ و کۆنسێرتێکی ئەنجام نەداوە، لەبارەی هۆکارەکەیەوە دەڵێت ” بەراورد بە رابردوو نرخەکان جیاوازە و هۆڵەکان گرانترە و ئامادەکاری بۆ گروپێکی میوزیکی باش و دیزاین خەرجیەکی زۆری دەوێت، من نامەوێت هیچ لایەنێک هاوکار و سپۆنسەرم بێت، ناشمەوێت بلیتی کۆنسێرتەکەم نرخێکی زۆری لەسەر بێت”.
دیاری قەرەداغی ساڵانێکی زۆر لەهونەرمەندە زۆر چالاکەکان بوو، ساڵانە چەند بەرهەمێکی بڵاودەکردەوە، بەڵام بەمدواییە بەرهەمەکانی کەمبوونەوە.
ماڵئاوا، بمبەخشە، وەرە شوشە، بۆنی خاک، هەوری کۆچەری، لەروخساری من مەڕوانە، لەدیارترین گۆرانییەکانی دیاری قەرەداغی بوون.
هۆنراوەی گۆرانییە نوێیەکەی دیاری قەرەداغی:
لە شاری پڕ موحیبەتدا بە حەسرەتی یەک ئامێزم
من بە چەشنی گوڵفرۆشی وڵاتی ڕق، پەراوێزم
وەک کەسێکی بەجێماوی ناو شارێکی چۆڵکراوم
بانگەوازی ئەشق دەکەم کە خۆم ئێستا دڵشکاوم
لە دوا تاڵی پرچی ڕەشم بە پێنووسی خەم و ئێشم
تابلۆی بەفر و کفنی گەڵای وەریوی عومرم ئەکێشم
لەم ھەوارە نامۆیەدا کەسێ نییە گوێم لێ بگرێ
ئەوەی لێرە ھەناسەبات قەدری نییە، مەگەر بمرێ
ئەشک بۆ مردوو ئەڕێژن، زیندووەکانیش ئەگریێنن
خەم بۆ گەڵای وەریو ئەخۆن، گەڵای داریش ئەوەرێنن
لێرە وایە سەدان جەخار، دڵڕەق نەبی، نابی بە یار
تا ون نەبی باست ناکەن، بێدەنگ نەبی لێت تێناگەن
بۆیە ئێستا چەشنی مۆمێک ئارەزووی دڵ فەنابوونە
چونکە لێرە باس و خواسی خۆرھەتاو، دوای ئاوابوونە