رووداوی هاتوچۆ. وێنە:964
ئەم ئێوارەیە
لەدوو رووداوی جیاجیادا دوو کەس گیانیان لەدەست دا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە دوو رووداوی هاتوچۆدا لەسەر رێگای کەرکوک – بەغدا دوو کەس گیانیان لەدەست دا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
درەنگانێکی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لەسەر رێگای کەرکوک – بەغدا لە نێوان خورماتوو و داقوق دوو رووداوی جیاواز روویاندا و ماوەی نێوان رووداوەکان تەنیا 20 خولەک بووە.
فەرمان نەشئەت بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقوق بە 964ـی وت، رووداوی یەکەم ئۆتۆمبێلێک دوو سەرنشینی تێدابووە، کۆنترۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە دوو سەرنشینی تێدابووە، هەردووکیان هاوژینی یەک بوون و بریندار بوون.
رووداوی دووەمیش بەهەمان شێوە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئەڤەلۆن وەرگەڕاوە و دوو سەرنشینی تێدا بووە و یەکێکیان دەستبەجێ گیانی لەدەست دابوو، ئەوەیتریان پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
وتیشی، هەردوو رووداوەکە نزیکی یەک بوون و نێوانیان 20 خولەک بووە، بەهۆی نالەباری کەشوهەوا و بارانبارینی بەخوڕی ئەم ئێوارەیە، هەردوو ئۆتۆمبێل کۆنتڕۆڵیان لەدەست داوە و وەرگەڕاون.
راشیگەیاند، ئەوانەی بریندارن، دانیشتووی گەڕەکی قادسیەی کەرکوکن و ئەوانەشی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی دیالەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی