بەهۆی جەژنەوە

خواست لەسەر گۆشتی سوور زیادبووە و هێشتا هەرزانیش نەبووە

+964
شۆڕش هەرکی- هەولێر

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، هاوڵاتیان روو لە کڕینی گۆشتی سوور دەکەن، بەڵام هێشتا هەرزان نەبووە سەرەڕای کەمکردنەوەی باجی سەر ئاژەڵی هاوردە.

فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە 964ی وت، رۆژی چوارشەممەی رابردوو بڕیاری کەمکردنەوەی باج لەسەر ئاژەڵی هاوردە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە ، ئەو بارهەڵگرانەی دوای ئەو بڕیارە ئاژەڵیان هێناوە، پابەندی بوونە، بەڵام کاتی دەوێت تا لە تەواوی بازاڕدا گۆشت هەرزان ببێت.

وتیشی، لەسەر هەر زیندە قەپانێک، هەزار دینار دابەزیوە و نرخی گۆشتی سوور جێگیرە و لەگەڵ زیادبوونی خواستی هاوڵاتیانیش نەبووەتە هۆی گرانبوونی.

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ ئاماژە بەوە دەکات، نرخی گۆشتی سوور جێگیربووە لە دوای کەمکردنەوەی باج و رسومات لەسەر ئاژەڵی هاوردە.

رزگار ئەحمەد، گۆشتفرۆشە لە بازاڕی شێخەڵا و بە 964ی وت، بە هۆی جەژن و پێدانی دوو موچەوە هاوڵاتیان زیاتر گۆشت دەکڕن و بازاڕەکەش بەدڵی ئێمەیە، بەڵام تا ئێستا گۆشت بە تەواوی هەرزان نەبووە.
گۆشتی گۆلک نەرمە کیلۆی لە نێوان 16 بۆ18 هەزار دینارە، گۆشتی کاوڕ و گیسک کیلۆی لە نێوان 20 بۆ23 هەزار دینارە و گۆشتی مەڕ 15 هەزارە دینارە.
رۆژی چوارشەممە27.3.2024 لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان چەند بڕیارێک دران، یەکێکیان لەوان کەمکردنەوەی رسومات بوو لەسەر هێنانی ئاژەڵی هاوردە بە رێژەی %50.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

نرخی گۆشت روو لە دابەزینە

نرخی گۆشت روو لە دابەزینە