لیژنەی فەتوای هەرێم: کار بە فەتواکەی عەلی قەرەداغی ناکەین

964+

توانا نەقی – هەولێر

ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، وەرگرتنی دیاری لەلایەن پزیشکان لە کۆمپانیاکانی دەرمان حەرام دەکات، بەڵام لیژنەی فەتوای هەرێم دەڵێ: ئێمە کاری پێناکەین.

عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، وەرگرتنی دیاری لەلایەن پزیشکانەوە لە کۆمپانیاکانی دەرمان بەرتیلە و حەرامە، هەروەها پێدانی دەرمانی ساختەش بە نەخۆش حەرامە.

عەلی قەرەداغی، فەتوای زیاتری دەرکردووە و دەڵێت: رێککەوتنی نێوان پزیشکان و کۆمپانیاکانی دەرمان و دەرمانخانەکان بۆ ساغکردنەوەی دەرمان حەرامە، گەورەترین پلەی حەرامیش رێککەوتنە لەسەر رەواجدان بە دەرمانی خراپ و ساختە.

دەشڵێت، “قاچاغیکردن بە دەرمانەوە لە گوناهە گەورەکانە و پێوەستە لە ژێر چاودێری حکومەتدا دەرمان هاوردە بکرێت”.

حەسەن پشدەری، بڕیاردەری ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم بە 964+ـی وت، ئەوان ماوەیەکە لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو بابەتە دەستپێکردووە، پێویستیان بە بۆچوونی سەندیکای پزیشکان و پزیشکەکانە، کە تەواو بوون خۆیان فەتوایان دەبێت.

وتیشی، پێشتر چەندان دکتۆر پەیوەندییان پێوەکردوون و نامەیان بۆ ناردوون، لەسەر ئەو بنەمایە بەدواداچوون دەکەین و کار بە فەتواکەی ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان ناکەین.