کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی مریشک - وێنە: 964
نرخی لە ناوچەکان چۆنە؟
کێڵگە پەلەوەرییەکان دەڵێن بۆ جەژن نرخی مریشک زیاد ناکەن
964+
ئەحمەد مستەفا
بە قسەی سەرۆکی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان بێت، هیچ نیازێکیان نییە بۆ جەژنی رەمەزان نرخی مریشک بەرزبکەنەوە دەڵێت، ئەگەر هەر بەرزیش ببێتەوە، 250 زیاتر ناچێتە سەر نرخەکەی.
ئێستا، نرخی یەک کیلۆ مریشک لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی مریشک لە نێوان دوو هەزار و 800 دینار، بۆ سێ هەزار و 100 دینارە.
بە گوێرەی بڵاوکراوەیەکی نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بێت، کە وێنەیەکی گەیشتووە بە 964 ئەوە باسکراوە، ماوەیەک لەمەوبەر نرخی مریشک بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوەبینی و لە کێڵگەکان نرخی یەک کیلۆ گەیشتە سێ هەزار و 500 دینار، بەڵام ئەو بەرزبوونەوەیە کاتی بوو، دواتر دابەزی.
لە بارەی دووبارە بەرزبوونەوەی نرخی مریشک بەهۆی جەژنی رەمەزانەوە، نازم عەبدوڵا دەڵێت، هەر لەو دەوروبەرەی ئێستا دەبێت و بەرزبوونەوەی زۆر بەخۆیەوە نابینێت، ئەگەر زۆریش بەرزببێتەوە 250 دینار بەرزدەبێتەوە و کە ئەمە رێژەیەکی کەمە و بۆ کڕیاران، جیاوازییەکی ئەوتۆ دروست ناکات، ئەگەر هەیە بە پێچەوانەوەش بێت و لەو نرخەی ئێستا هەیە هەرزانتربێت.
بە گوێرەی سۆراغی 964 بێت، ئەمڕۆ چوارشەممە 3.4.2024، لە بازاڕدا، لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە نرخی یەک کیلۆ مریشک لە سێ هەزار و 250 دینار، بۆ نزیکەی سێ هەزار و 750 دینار بە گوێرەی ناوچە جیاوازەکان دەفرۆشرێن، هاوکات لە کەرکوک بە چوار هەزار و 200 دینارە.
پێشتر، پرسیاری بۆچی نرخی مریشک وا گران بووە؟ 964 لە نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی کردبوو، ئەویش لە وەڵامدا وتی، جوچک و غاز و گاز گران بوون، هیچ هاوکارییەک ناکرێین و ئێمەش ناچارین بەبێ ئەوەی خۆمان حەز بکەین نرخی مریشک بەرز بکەینەوە.