کارمەندێک لەنێو کێڵگەی بەرهەمهێنانی نەوت سەرقاڵی کارکردنە - وێنە: رۆیتەرز
"تا ئێستا نەیانناردووە"
بەغدا داوای گرێبەست لە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم دەکات
964+
ژووری هەواڵ
بەغدا داوای لە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە گرێبەستەکانیان بۆ بنێرن، بەڵام بریکاری وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، تا ئێستا گرێبەستەکانیان بەدەستنەگەیشتووە.
حامید زەوبەعی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری جیاکردنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاى عێراقى رایگەیاندووە، عێراق زیانلێکەوتووە بەهۆی راگرتنى پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم زۆر بەرزترە لەو ئاستەی ئەوان دیاریانکردووە.
“عێراق هۆکار نەبووە بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و لایەنی تورکی رایگرتووە، بەپشتبەستن بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانى پاریس کە وەک دادگای دادوەریی بۆ گرێبەستەکان دەستنیشانکراوە”، حامید زەوبەعی، وای وت.
بە وتەی بریکاری وەزیری نەوتی عێراق، لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا داوای ئەوەکراوە چاوبخشێنرێتەوە بە گرێبەستی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، دەبێت بگەنە هاوسەنگییەک بەگوێرەى ناوەندی رێژەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق.
لە رێکەوتی 25.3.2023، دوای یەکلاییبوونەوەی سکاڵایەک لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا راگیرا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەک کۆمپانیا بەرھەمھێنانی نەوتی لە کێلگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان رابگرن.