بۆ نەوجەوان و پەککەوتووان خەرجدەکرێ

کەمپینەکەی سلێمانی تا جەژن چاوەڕێتان دەکات

964+
ئەحمەد مستەفا

كەمپینی‌ پشتیوانی‌ لە سندوقی‌ هاوكاری‌ كۆمەڵایەتی‌ لە سلێمانی راگەیەندرا، کەمپینەکە ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت، بەڕێوبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی شارەکە داوادەکات، خێرخوازان‌ و ویژدان زیندووان بەشداری تێدا بکەن.

لیژنەی‌ وەرگرتنی‌ هاوكاییە داراییەکان، رۆژانە لە یەكشەممە تا پێنج شەممە، كاتژمێر 8:30 بۆ 12:30 خولەك لە بەڕێوەبەرایەتی‌ چاودێریی‌ كۆمەڵایەتی‌ سلێمانی‌ لە گەڕەكی‌ بەكرەجۆ  هاوکارییەکان وەردەگرن و کەمپینەکە تا جەژنی رەمەزان بەردەوام دەبێ.

ئەمڕۆ یەکشەممە 31.3.2024، پارێزگاری‌ سلێمانی‌‌، بەڕێوەبەرانی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی و بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری سلێمانی، كەمپینی‌ پشتیوانی‌ لە سندوقی‌ هاوكاری‌ كۆمەڵایەتیان،‌ بۆ ماڵەکانی ساوایان‌، نەوجەوانانی‌ كچان‌، كوڕان‌، بەساڵاچووان‌ و پەككەوتەكان راگەیاند.

بە قسەی بێستون جەبار، بەڕێوبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی بێت، بەپێی رێنماییەك كە لە وەزارەتی دارایی هەرێم دەرچووە سندوقێكی هاوكاری كۆمەڵایەتی هەیە بۆ ئەوەی پێشوازی لەهاوكاری بەخشان بكرێت، لەپێناو بەرژەوەندی منداڵانی ساوایان و نەوجەوانان و بەساڵاچوان خەرجبكرێت، بۆ بەهێزكردنی ئەو سندوقە كەمپینێكمان راگەیاندووە بۆ ماوەی 10 رۆژ.

بێستون جەبار ئەوەی بە 964 وت، لە ماوەی هەڵمەتەكەدا كۆمەڵێك چالاكی بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی هەموو خێرخوازان‌ و ویژدان زیندووان بدۆزینەوە، تاوەكو بەشداربن لەخزمەتكردنی ئەو بێكەس‌ و بێخانە و لانانەدا، و خزمەتكردنی ئەو توێژانە تەنیا ئەركی كارمەندانی دامەزراوە كۆمەڵایەتیەكان نیە، بەڵكو ئەركی هەموو كۆمەڵگەیە.

بەڕێوبەری گشتی چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی باسیلەوەکرد، دابەشكردنی هاوكارییەكە لەرێگەی دابینكردنی پێداویستی خانەكانەوە دەبێت، مەبەستیشیانە سندوقەكە هێندە بەهێزبێت هاوكاری كارمەندانی پێ بدرێت، بۆ ئەوەی لەبری دوو رۆژ دەوامكردن لەهەفتەیەكدا چوار رۆژ دەوام بكەن.

“سندوقە لەرێگەی لیژنەیەكەوە دەبێت لەبەڕێوبەرایەتی چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی، پسوڵەیەك بۆ ئەو مەبەستە تەرخاندەكرێت، بڕی هاوكاریەكەو بەروارو مەبەستی هاوكاریەكەی لەسەردەبێت، كۆپیەكی دەدرێتە خێرخوازەكە، بۆ وڵاتانی دەرەوەش حسابێكی بانكی کراوەتەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی دەرەوە بتوانن كۆمەكەكانیان بگەیەنن” بێستون جەبار وای وت.

لە کەرکوک 175 منداڵ بوون بە خاوەن جلی جەژن

لە کەرکوک 175 منداڵ بوون بە خاوەن جلی جەژن

لە خانەقین جلوبەرگی جەژن بۆ منداڵانی بێ باوک دابینکرا

لە خانەقین جلوبەرگی جەژن بۆ منداڵانی بێ باوک دابینکرا