بەرگی رۆمانەکە بە زمانی فارسی - وێنە: پەیجی وەرگێڕ لە فەیسبووک
بە زمانی فارسی
شانۆنامەی “بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهان”ـی بەختیار عەلی چاپی چوارەمی کرایەوە
964+
پێشەوا محەمەد
لە وڵاتی ئێران بۆ جاری چوارەم شانۆنامەی “بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهان”ـی نووسەر و رۆماننووسی کورد چاپ و بڵاوکرایەوە.
چاپی سێیەمی شانۆنامەکە لە ناوەڕاستی مانگی دووی ئەمساڵ لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سالسەوە کرا و لە ماوەی مانگ و نیوێکدا لە کتێبفرۆشییەکاندا نەماوە.
مەریوان هەڵەبجەیی، کە وەرگێڕی شانۆنامەکە و وەرگێڕی رێگەپێدراوی نووسەرە بۆ سەرجەم بەرهەمەکانی بۆ سەر زمانی فارسی بە 964ـی وت، “یەکەم جارە شانۆنامەیەکی ئەدەبیاتی ناوچەکە و رۆژئاوای ئاسیا لە ئێراندا هێندە دەبێتە جێگای باس و گفتوگۆی جدی و چەند دەرهێنەرێک لەگەڵ خوێندنەوەی و پێش یەکەم چاپی وەک کتێب داوایان کرد بیبەنە سەرتەختەی شانۆ، بەڵام مۆڵەتیان نادرێتێ”.
وتیشی، “یەکەم جاریشە لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا شانۆنامەیەک وەربگێڕدرێتە سەر زمانی فارسی و هێندە پێشوازیی لێبکرێت و ژمارەیەکی زۆر رەخنە و لێکۆڵینەوەی لە ستایشدا بنووسرێت”.
“بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهان” باسی چی دەکات؟
لە شانۆنامەی “بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهان”ـدا، مستەفا رێبەر فەرمانبەرێکی ئاساییە لە کتێبخانەی گشتی، لە کاتێکدا لە دەوامی رۆژانەی خۆی دێتەدەرێ، لە لایەن دەزگایەکەوە دەگیرێت و دەبرێتە زیندان. تاوانی ئەم فەرمانبەرە بچووکە ئەوەیە هیچ هەستێکی بە گوناهـ نییە، هەستدەکات شێوازی ژیانی جۆرێک بووە دەتوانێت خۆی پاک و بێتاوان ببینێت، بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا لە دونیایەکی پڕ لە تاوان و خراپەدا کەس بۆی هەیە باس لە بێگوناهی بکات؟ ئایا هەر مرۆڤە و بە ئەندازەی خۆی بەشێک لە گوناهی ئەم بارودۆخە دژوارەی کۆمەڵگا و جیهان هەڵناگرێت؟
شانۆنانەمەکە لە 18 دیمەندا چیرۆکی مستەفا رێبەر دەگێڕێتەوە، کە بە هەموو رێگایەک دەیەوێت بەرگری لە بێگوناهیی خۆی بکات.