سەرۆک وەزیرانی عێراق چوار بەڵێن بە هەڵەبجەییەکان دەدات و سەردانیشیان دەکات
+964
محەمەد عومەر -هەڵەبجە
سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڵێنی ناردنی شەش ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەڵەبجە دەدات، لەگەڵ ئەوەدا بەڵێنی هەرچی زوو تەواوکردنی رێکارەکانی بە پارێزگا بوونی ئەو شارە دەدات.
پێشەوا محمود، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە، کە ئەندامی شاندەکەی حکومەتی عێراق بوو بۆ ئەڵمانیا، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، لەبارەی کێشەکانی پارێزگای هەڵەبجە قسەی کردووە.
دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان و هەڵەبجە، پێشەوا مەحمود لە رێگەی مۆبایلەوە قسەی بۆ +964 کردووە، وتی “کۆمەڵێک داواکاریم لە سەرۆک وەزیران کرد، لەوانە پەلەکردن لە تەواوکردنی رێکارەکانی بە پارێزگا ناساندنی هەڵەبجە، کردنەوەی مەرزی سازان، ناردنی بەشە نەوتی هەڵەبجە و سەردانیکردنی سەرۆک وەزیران بۆ هەڵەبجە”.
لە بەرامبەردا سەرۆک وەزیران، بەڵێنی داوە هەر چوار داواکاریەکە جێبەجێ بکات.
رۆژی 12ی کانونی دووەمی 2023، وەفدێکی حکومەتی عێراق، بۆ کۆمەڵێک پرسی بواری پیشەسازی سەردانی ئەڵمانیای کردووە، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە، یاوەری وەفدەکەی حکومەتی عێراق بووە.