ناسنامەی عێراقی چەند هاوڵاتیەک دەردەکەوێت. وێنە:964+
36 ملیۆن عێراقی خاوەنی کارتی نیشتیمانین
لە بەیانییەوە کار بە ناسنامە و رەگەزنامەی شێوازی کۆن ناکرێت
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی ناوخۆی عێراق قۆناغی دووەمی پرۆسەی کارتی نیشتیمانی بۆ هاوڵاتیانی دەرەوەی وڵات راگەیاند و لەمەوبەدوا هەموو هاوڵاتییەکی عێراقی لە دەرەوەی وڵات بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە دەتوانێت لەو وڵاتەی لێی دەژیت ببێتە خاوەنی کارتی نیشتیمانی و لەناوخۆ بەیانی کارکردن بە سیستمی کۆن کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، تا ئێستا 36 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی کارتی نیشتیمانیان بۆ جێبەجێکراوە و لە بەیانیەوە هەموو ئەو هاوڵاتییانەی لە دەرەوەی عێراق دەژین دەتوانن لەرێگەی باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتە مامەڵەی کارتی نیشتیمانی جێبەجێ بکەن.
لەمانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاریدا لەدوای رێکەوتی 1.3.2024 چیتر کار بە ناسنامە و رەگەزنامەی کاغەزی شێوازی کۆن ناکرێت، بەڵام ئەو وادەیە درێژکرایەوە و سبەی 1.4.2024 دوا وادەیە بۆ کارکردن بە شێوازی ناسنامەی و رەگەزنامەی کۆن.
پرۆسەی دەرهێنانی کارتی نیشتیمانی لەساڵی 2013-ەوە دەستیپێکردووە، تا ئەمڕۆ 36 ملیۆن و 751 هەزار و 162 هاوڵاتی بونەتە خاوەنی کارتی نیشتیمانی.
کارتی نیشتیمانی پێناسی هاوڵاتییە و بەکوالێتیەکی بەرز لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانی دروستکراوە، جێگرەوەی هەریەکە لە ناسنامە و رەگەزنامە و کارتی زانیاری دەبێت و هەر هاوڵاتییەک کارتی نیشتیمانی خۆی دەبێت.