کچێک لە هەڵەبجە 27 جۆر سابوون دروست ده‌كات
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
هێڤی عەفان کچێکی دانیشتووی هەڵەبجەیەو ماوەی ساڵێکە کارگەیەکی دروستکردنی سابوونی داناوه، ئێستاش 27 جۆر سابوون دروستده‌كات.
هێڤی لە کارگەکەیدا سابوونی رەقی و 26 جۆری دیكه‌ی سابوون دروستده‌کات، کە بەپێی تایبەتمەندیی سابوونەکە و بەکارهێنان و خواستی هاوڵاتیان به‌رهه‌می ده‌هێنێت، هەروەها کرێم و زەیتی زەیتون و مەوادی جوانکاری خانمان لە کارگەدا دێته بەرهەمهێنان.
هێڤی عوسمان بە 964+ی وت “لە قۆناغی دووەمی زانکۆ‌دا بووم لە بەشی کیمیا، بیرم لەوەکردەوە سەرەتا چەند سابوونێک بۆ خۆم و ماڵەوە وەک حەز و خولیایەک دروستبکەم، دوای ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌م سه‌ركه‌وتوو بوو، ماڵەوە پاڵپشتیان کردم و دەستمکرد بە دروستكردن و فرۆشتنی سابوون لە رێگەی ئۆنلاینەوە، پاشان په‌ره‌م به كاره‌كه دا و كردمه بزنسی خۆم و کارگەم دانا”.
هێڤی پێیوایه، گرنگە بۆ گەنجان چاوەڕوانی دامەزراندن نەکەن و خۆیان هەوڵبدەن كارێك بكه‌ن، به تایبه‌تی لە بواری شاره‌زایی خۆیان.
“گه‌نجان با چاوەڕێی ئەوە نەکەن تا خوێندن تەواو دەکەن، بەڵكو هەرکات کە بیرۆکەی کارێکیان هه‌بوو، راستەوخۆ دەستپێبکەن”، هێڤی عوسمان واده‌ڵێت.
هێڤی دڵخۆشه به كاره‌كه‌ی و ئاشكرای ده‌كات، كه به‌رهه‌مه‌كانی كارگه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، ئامانجیشی ئه‌وه‌یه هاوڵاتیان سوود لە بەرهەمه‌كانی ئه‌و ببین، چونكه پێیوایه لە رووی تەندروستیشەوە گونجاوە و مەوادی پارێزەری تێدا نییە.