پاتریارکی کلدانەکان ئاهەنگەکانی جەژنی قیامەی راگرت
964+
ژووری هەواڵ
پاتریارکی کلدانەکانی عێراق وەک ناڕەزاییەک دژی بڕیارەکەی سەرۆک کۆمار بەفەرمی ئاهەنگەکانی جەژنی قیامەی هەڵوەشاندەوە و پێشوازی لە هیچ کەسێک ناکەن تەنیا نوێژو نزای خۆیان دەکەن.
ئەم هەڵوێستە وەک خۆیان دەڵێن بۆ پشتیوانییە لە کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق و جیهان کە لەمانگی تەمموزی رابردوو لەتیف رەشیدی سەرۆک کۆمار مەرسومێکی کۆماری 10 ساڵ پێشووتری هەڵوەشاندەوە، ئەو مەرسومەی پێشوو لویس ساکۆی وەک پاتریاکی کلدانەکان ناساندبوو.
پاتریاکی کلدانەکان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت ”ئەم بڕیارە بۆ پشتیوانییە لە کاردیناڵ لویس رۆفائیل ساکۆ کە ماوەی شەش مانگ دەبێت بەهۆی کشانەوەی مەرسوومی کۆماریی ساڵی 2013 لە بارەگای مێژوویی لە بەغدا دوورە، بێ ئەوەی ئەو بڕیارە هیچ پاساوێکی یاسایی هەبێت و تەنیا لە پێناو رازیکردنی لایەنێکی سیاسیی ناسراو کە خۆی لە میدیاوە ئەوەی پشتڕاستکردەوە”.
نزیکەکانی لویس ساکۆ بەڕوونی نایڵێن، بەڵام لە ناوەخندا ئەو لایەنە سیاسییەی باسی دەکەن مەبەستیان بزوتنەوەی بابلییونی رەیان کلدانییەو پێیان وایە سەرۆک کۆمار لەبەر خاتری ئەوان ئەو بڕیارەی داوەو ساکۆی لابردووە، تاوەکو رەیان کلدانی بتوانێت کۆنترۆڵی سەروەت و سامانی کەنیسەی مەسیحی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدا بگرێتە ئەستۆ.
جەژنی قیامەی کریستیانەکان دەکەوێتە یەکەم یەکشەممەی مانگی نیسانەوە، بەڵام ئەمساڵ لە رۆژی 31ی ئازار بەڕێوەدەچێت، جەژنەکە هێمایە بۆ زیندووبوونەوەی پێغەمبەر عیسا.