چەند ملیار دۆلار زیانى کردووە؟
ساڵێکی تەواوە نەوتى هەرێم راگیراوە
964+
وریا فەتاح
ساڵێکى رەبەقە، نەوتى هەرێمى کوردستان بە بۆرى بەندەرى جەیهانى تورکیادا نەڕۆشتووە، راگرتنەکەش زیانى ملیاران دۆلارى لە داهاتى نەوتى هەرێم و عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکانداوە.
دوای بڕیارێکی دەستەی ناوبژیوانى پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا، رۆژى 25ـى ئادارى 2023، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیرا.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان “ئەپیکور”، راپۆرتى زیانەکانى راگرتنى نەوتى هەرێمى بڵاوکردە و بەپێى زانیارى کۆمەڵەکە، راگرتنەکە لەماوەى یەک ساڵدا 11 ملیار دۆلار زیان بە عێراق و حکومەتى هەرێم و کۆمپانیاکانى بوارى نەوت گەیشتووە.
ئەپیکۆر ئاماژەى بەوەشکردووە، بڕیارەکە بووەتە هۆى راگرتنى 450 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەى هەرێم بۆ بازاڕەکانى جیهان.
لەکاتێکدا بۆڕى نەوتى عێراق- تورکیا ساڵێکى تەواوە نەوتى لێوە هەناردە ناکرێت، بەڵام بەپێى ئەو زانیارییانەى ئەپیکۆر خستویەتییە روو، عێراق رۆژانە 800 هەزار دۆلار سزا دەدات ئەوەش لەبەر ئەوەى نەیتوانیوەى مەرجى رێککەوتنەکە بۆ بۆ بۆرى نەوتى عێراق- تورکیا، جێبەجێ بکات.
بە خەمڵاندن لە ماوەى یەک ساڵدا وەستانى نەوتى هەرێم چەند زیانى هەبووە؟
کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ ئاشکراى کردووە، لە 2023دا، تێكڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی هەناردەکراوی عێراق بە 78 دۆلار و 31 سەنت فرۆشراوە.
تێکڕاى هەناردەى رۆژانەى نەوتى هەرێم بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا 450 هەزار بەرمیل بووە، بەمەش لە ماوەى یەک ساڵى رابردوودا رێگرى کراوە لە هەناردەکردنى 164 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت.
بە لەبەرچاوگرتنى تێکڕاى نرخى بەرمیلێک نەوتى هەناردەکراوى عێراق لە 2023 کە 78 دۆلار و 31 سەنت بووەو لەبەر ئەوەش، واتا ئەگەر ئەو 164 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوتە بە نرخى سۆمۆ فرۆشرابێت، ئەوا هەرێم 12 ملیار و 862 ملیۆن و 417 هەزار و 500 دۆلار زیانى کردووە.
لەبەر ئەوەى نەوتى هەرێم بە رێگەى بۆرى بە کەمتر لە 10 دۆلار لە نەوتى عێراق دەفرۆشرێت، ئەوا لەم حاڵەتەشدا ئەگەر نەوتى هەرێم بە 68 دۆلار و 31 سەنت فرۆشرابێت کە 10 دۆلار کەمترە لە نرخى فرۆشراوى نەوتى عێراقى، ئەوا لە ماوەى ئەو ساڵەدا هەرێمى کوردستا و کۆمپانیا نەوتییەکان، 11 ملیار و 219 ملیۆن و 917 هەزار و 500 دۆلار، زیانیان بەرکەوتووە، ئەوە جگە لەو زیانە رۆژانەییەى کە پێویستە عێراق وەک سزاى پابەند نەبوون بە رێککەوتنى گواستنەوەى نەوت لە رێگەى بەندەرى جەیهانەوە، دەیدات بە تورکیا.
ئەو ئامارە تەنیا خەمڵاندن و شیکردنەوەن و فەرمى نیە، چونکە لە ئەگەرى گۆڕانى ژمارەکانى نەوتى هەناردەکرا و فرۆشى نەوت، گۆڕانکارى لە کرێى گواستنەوە و پاراستن، گۆڕانکارى لە کۆى ژمارەکان و قەبارەى زیانەکان روودەدات.
هەرچەندە ماوەى ساڵێکە هەناردەى بۆرى نەوتى هەرێم راگیراوە، بەڵام بەهۆى ناکۆکییەکانى هەرێم و ناوەند لەلایەک و بەغداد و ئەنقەرا لەلایەکى تر، هیچ ئاسۆیەک بەدیناکرێت بۆ دەستپێکردنەوەى نەوتى هەرێم، هەر بۆیە ئێستا نەوتى هەرێم بەشێکى بە تەنکەر دەفرۆشرێت و ئەوەش بە قسەى وەزیرى دارایى هەرێم بێت، بۆ هەر بەرمیلێک 31 دۆلار دەمێنێتەوە.