110 شوێن زیانیان بەرکەتووە
لافاو کەرتی گەشتیاری ئامێدی وێران کردووە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
بەهۆی لافاوی چەند رۆژی رابردوو لە سنووری قەزای ئامێدی 110 شوێنی گەشتیاری زیانیان پێگەیشتووە.
هەر یەک لە شوێنە گەشتیاریەکانی “ناحیەی شیلادزێ، دێرەلۆک، گەلی شێران، گەلی ئاڤوکا، سولاڤ، ئاشەوا، سەیرانگای چەمانکێ، سەیرانگای کانی ماسی و سەیرانگای ڤین” زیانیان پێگەیشتووە، گەشتوگوزاریش دەڵێت لیژنەیان پێکهێناوە ئەو شوێنانە تۆمار دەکەن کە زیانیان پێگەیشتوە.
بارزان هێتیتی خاوەنی سەیرانگایەکی ئاشەوایە بە 964ـى وت، بەهۆی بارانبارین و لافاو زیانی زۆرمان بەرکەوتووە، کەپر و دیواری سەیرانگا و کورسی و بەلەمی ناو ئاو و شوێنی مانەوەی کرێکارەکان تێکچووە رووخاون بەهۆی لافاوەکەوە.
حەمید محەمەد ساڵح بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدی بە 964ـی وت، لافاو زیانی بە 110 شوێنی گەشتیاری سنووری ئامێدی گەیاندووە، بەشی زۆریان بە تەواوی تێکچوون.
وتیشی، لە گەلی شێران 16 شوێن، لە ئاشەوا 15 سەیرانگا، لە گەلی ئاڤوکا 10 شوێن، هەروەها لە سەیرانگای ڤین زیاتر لە 20 مەتر دیوار بە هۆی لافاو روخاوە و زیانی زۆریان پێگەیشتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ خەمڵاندنی زیانەکان، رۆژانە بەردەوام سەردانی سەیرانگاکان دەکەن بۆ تۆمار کردنیان.
قەزای ئامێدی شوێنێکی گرنگی کەرتی گەشتیاری سنووری پارێزگای دهۆکە، لە سنووری قەزاکە زیاتر لە 200 شوێنی گەشتیاری بونیان هەیە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی