لانیکەم 40 کەس کوژراون و 100 کەس بریندارن

هێرشێکى چەکدارى کرایە سەر هۆڵى کۆنسێرتەکان لە شارێکی روسیا

964+

وریا فەتاح

هێرشێکى چەکدارى کرایە سەر هۆڵى کۆنسێرتەکان لەشاری کرۆکۆس لە روسیا، بەپێى ئامارە سەرەتاییەکان 40 کەس کوژراوە و 100 کەس بریندارن، شایەدحاڵێکیش چرکەساتى رووداوەکە دەگێڕێتەوە.

هێرشەکە لەلایەن گروپێکى چەکدارییەوە ئەنجامدراوە کە لە سێ بۆ پێنج کەس پێکهاتوون و تەقەیان لە ئامادەبووانى ناو هۆڵەکە کردووە و لەگەڵ ئەوەشدا هۆڵەکە ئاگرى گرتووە.

بەپێى گرتە ڤیدیۆییەکان، دەردەکەویت کە چەند چەکدارێک تەقەى راستەوخۆ لە ئامادەبووانى ناو هۆلەکە دەکەن و بەشێک لە ئامادەبووان هاوار دەکەن و لە ترسان خۆیان لە ژێر کورسییەکان شاردووەتەوە و چەند تەرم و بریندارێکیش دەردەکەوێت.

هۆڵەکە دەکەوێتە ناوەندێکى بازرگانى بەناوبانگى نزیک مۆسکۆ، بەپێى هەواڵى سەرەتایى میدیا روسییەکان چەکدارەکان تەقەى هەڕەمەکیان کردووە و بەپێى ئامارە سەرەتاییە نافەرمییەکان 40 کەس کوژراوە و 100 کەسیش بریندارە و هۆڵەکەش ئاگرێکى گەورەى گرتووە.

ئێستا تیمێکى سەربازانى هێزێکى پاسەوانى روسیا گەیشتوونەتە شوێنى رووداوەکە و لە ئاسمانیشەوە بە هێلیکۆپتەر هەوڵى کوژاندنەوەى ئاگرەکە دەدرێت.

شایەدحاڵێک کە بەشداربوونى ناو هۆڵەکە بووە، بە ئاژانسى RIA Novoـى وتووە،”ئێمە لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا دانیشتبووین کۆنسێرتەکە دەستی پێکرد، تەنها یەک دوو خولەک تێپەڕی، یەک دوو نارنجۆک لە ناوەڕاستدا تەقیەوە و دوو کەڵ هۆڵەکەى داپۆشى و هۆڵەکە پڕبوو لە شڵەژان و هاتووهاوار”.