مافی مرۆڤی جیهانی رەخنە لە هەرێم دەگرێت
+964
فەهمی نەبی -هەولێر
رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ “Human Right Watch” لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەی، لە بارەی رەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان، رەخنە لە هەرێمی کوردستان دەگرێت، چونکە چەند یاسایەکی ناڕوونی بەکارهێناوە بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی رەخنە دەگرن.
راپۆرتەکەی رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ، رۆژی پێنجشەممە 12ی کانونی دووەمی 2023، بڵاوکراوەتەوە.
بەستەری راپۆرتەکە لێرەیە:
https://www.hrw.org/ar/world-report/2023/country-chapters/383707
رێکخراوهكه لە راپۆرتەکەیدا زیاد لە دوو هەزار وشەی بۆ رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کورستان تەرخان کردووە.
لەو بەشەی پەیوەندیدارە بە هەرێمی کوردستان، لە راپۆرتەکە هاتووە “دەسەڵاتدارانی هەرێم کۆمەڵێک یاسایان بەکارهێناوە، کە دەقەکانیان روون نییە بەرامبەر ئەوانەی رەخنەیان لە دەسەڵاتی هەرێم هەبووە”.
راپۆرتەکە دۆسیەی پرۆسەی دادگاییکردنی چالاکوانان و رۆژنامەنووسان وەک نموونە باس دەکات، لە راپۆرتەکە وا هاتووە “لە ساڵی 2021، دادگەی تاوانەکانی هەولێر، سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەر سێ رۆژنامەنووس و دوو چالاکوان سەپاند، دوای ئەوەی پرۆسەی دادگایکردنەکەیان پڕ لە پێشێلکاری دژی رێوشوێنەکانی دادگایکردنی دادپەروەرانە و پڕ لە دەستوەردانی سیاسی، سزاکەیان بۆ دەرکرا، کە ئەمەش چەندین ساڵە وەک شتێکی باو لە هەرێمی کورستاندا هەیە”.
لە بەرامبەردا دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمان رۆژ لە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێـمی کوردستان بە راگەیەنراوێک وەڵامی ئەو راپۆرتەی رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی دایەوە.
دیندار زێباری لە وەڵامی ئەو بەشەی پەیوەندی بە سزادراوانی سێ رۆژنامەنووس و دوو چالاکوان هەیە، دەڵێت “پێویستە ئەوە روون بێت ئەو تێبینییانەی راپۆرتی ناوبراو ئاماژەی پێداون لە کاتی لێکۆڵینەوە خراونەتەڕوو و لە قۆناغی دادگاییکردندا پشتڕاستکراونەتەوە، هیچ پەیوەندییەکیشیان بە کاری رۆژنامەوانی و چالاکوانی تۆمەتبارەکان نەبووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەکان بە پڕۆسەیەکی شەفافی دادوەریدا رۆیشتوون”.
رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ “هیومان رایتس وۆچ” رێکخراوێکی ناحکومی جیهانییە، لە ساڵی 1978 دامەزراوە و بارەگاکەی لە شاری نیویۆرکە، ساڵانە راپۆرتی رەوشی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان بڵاودەکاتەوە