3380 مزگەوت باسی چەکی بێ مۆڵەت دەکەن

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

3380 مزگەوتی هەرێمی کوردستان لە وتاری هەینیدا باسی داماڵین و چەکی بێ مۆڵەت دەکەن، بڕیارەکەی وەزارەتی ئەوقاف لەسەر داوای وەزارەتی ناوخۆیە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەوبارەیەوە.

رۆژی 8ـی ئەم مانگە، وەزارەتی ناوخۆ نووسراوێکی بە ژمارە 667 ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کردووە و دوای کردووە مامۆستایانی ئایینی لە وتاری هەینیدا باسی داماڵین و هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بکەن و هانی هاوڵاتیان بدەن لە دیاردەی چەکهەڵگرتن دوور بکەونەوە.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێم پشتیوانیی وەزارەتەکەی بۆ نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ بە 964+ راگەیاند.

وتیشی “بە هەموو شێوەیەک پشتگیری و هاوکاری ئەو نووسراوە دەبین، هەفتەی داهاتوو بۆردی دیاریکردنی وتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف بڕیار لەسەر شێوازی باسکردنی ئەو بابەتە دەدات لە وتاری هەینیدا”.

لە هەرێمی کوردستان لە 3380 مزگەوت وتاری هەینی دەخوێندرێتەوە و بۆردی وەزارەت رینماییەکە بەسەر هەموویاندا دەگشتێنێت بۆ باسکردن.

“ئەم بابەتە جگە لە رەهەندە یاساییەکەی، رەهەندی ئایینیشی هەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە تاوان و کوشتن”، وتەبێژەکەی وەزارەتی ئەوقاف وای وت.