لەمەودوا کەرەستەی بیناسازیش دەچێتە ژێر چاودێرییەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە شاری سلێمانی بەدواداچوون بۆ کوالێتیی کەرەستە بیناسازییەکان دەکرێت. ئەو کارە لە رێگەی لیژنەیەکی نوێ قائیمقامیەتی سلێمانییەوە دەکرێت بەناوی “لیژنەی بەدواداچوونی کەرەستەی بیناسازی”.

964+ لە زانیارییەکانی قائیمقامیەتی سلێمانییەوە دەزانێت، لیژنەکە لە نوێنەری فەرمانگەکانی کوالێتیی کۆنتڕۆڵ، تاقیگەی بیناسازی و ئاسایش، پیشەسازی و نەوت و کانزاکان پێک هاتووە.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی هۆکاری دروستکردنی ئەو لیژنەیەی بۆ 964+ روون کردەوە و رایگەیاند: سکاڵامان لەسەر کەرەستەی بیناسازی زۆر بۆ دەهات، هەروەها لە پلانی نوێی قائیمقامیەتیشدا هەبوو کارێکی لەو شێوەیە بکرێت، بۆیە بڕیاری لەبارەوە درا.

دەشڵێت، لیژنەکە بەدواداچوون بۆ کوالێتیی سەرجەم ئەو کەرەستانە دەکات، کە لە بیناسازیی گەورە و بچووکدا بەکار دەهێندرێن.

لیژنەی بەدواداچوونی کەرەستەی بیناسازی دەبێتە سێزدەیەمین لیژنەی قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی خۆراک و کەلوپەلەکان لەناو شاری سلێمانی.

“ئێمە بە دوو شێوە بەدواداچوون بۆ کەرەستەتی بیناسازی دەکەین، لەسەر سکاڵای هاوڵاتی و هەروەها سەردانی مەیدانیی لیژنەکەش بۆ کارگە و پڕۆژە و کۆمپانیاکانی هاوردە و فرۆشیار”.

دەشڵێت؛ گومان لە هەر کەرەستەیەک بکەن لە رێگەی تاقیگەی سلێمانییەوە پشکنینی بۆ دەکەن.