چەند باریوە؟

پێنجوێن کۆی رێژەی بارانبارینی ساڵی رابردووی تێپەڕاند

+964

کامیار کەمال – پێنجوێن

تا کاتژمێر 09:00ی ئەمڕۆ لە قەزای پێنجوێن کۆی گشتیی 1009.5 ملم باران باریوە، کە ئەم رێژەیە زیاترە لە کۆی گشتی تەواوی بارانی ساڵی رابردوو.

لە ماوەی 24 کاتژمێردا، 61.2 لە قەزای پێنجوێن ملم باران باریوە

بەهادین حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی کەشناسی لە قەزای پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە 733 ملم باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ رێژەی بارانبارین لە پێنجوێن گەیشتووەتە 1009.5 ملم و بەوەش ئەمساڵ تا ئێستا سێ هێندەی ساڵی رابردوو باران باریوە.

وتیشی، “بارانبارینی ئەمساڵ کۆی گشتی رێژەی بارانی تەواوی ساڵی رابردووی تێپەڕاندووە، واتە تەواوی ساڵی رابردوو لە قەزای پێنجوێندا هەزار ملم باران باریوە، بەڵام ئەمساڵ تا ئەمڕۆ 1009.5 ملم باران باریوە و بارانبارینیش بەردەوام دەبێت”.

سەبارەت بە وشکەساڵی و بوونی مەترسی لەسەر کشتوکاڵی پێنجوێن، بەهائەدین حەسەن دەبێژێت، “مەترسی لەسەر وەرزی کشتوکاڵ و نەبوونی ئاو نەماوە لە قەزای پێنجوێن و رێژەی پێویست باران باریوە و بە گوێرەی پێشبینیەکانیش تا رۆژی یەکشەممە بارانبارین بەردەوام “دەبێت.

پێشتر بەڕێوەبەری بەشی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی قەزای پێنجوێن، ئەوەی بە 964 راگەیاندبوو، پێنجوێن ساڵانە پێویستی بە 750 ملم باران و یەک مەتر بەفر هەیە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمی بەفرەوە کە لە خوار 15 سانتیم مەترەوە بووە، بۆ وەرزی کشتوکاڵ پێنجوێن پێویستی بە زیاتر لە هەزار ملم باران دەبێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا