مینحه‌ی 616 زیندانی و راگیراوانی سیاسی گەڕایەوە

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دوای راگیرانی بۆ ماوەیەکی زۆر، جارێکی دیکە مینحەی زیندانی و راگیراوانی سیاسی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان خەرج کراویەوە.

بەپێی ئەو لیستەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە دەست +964 کەوتووە، 616 زیندانی و راگیراو مینحەکەیان بۆ خەرج کراوەتەوە.

پێشتر ئەوانە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی دوو موچەیی، مینحەکەیان وەستا، بەهۆی ئەوەی خۆیان فەرمانبەری حکومەت بوون.

نووسراوەکەی وه‌زاره‌تى شه‌هیدان، كە ژمارەی (75)ـە لە 12ـی ئەم مانگە دەرچووە، رەزامەندی گەڕانەوەی مینحەکانیان دراوە.

له‌ نووسراوەکەیدا وه‌زاره‌تی کاروباری شەهیدان ئاماژەی بە چەند خاڵێک کردووە کە رەچاوی کردووە بۆ گەڕانەوەی مینحەکە.

یەکێک لەو خاڵانە ئەوەیە، ئەوانەی کە رێکارەکانی بایۆمەتری و بەڵێننامەیان تەواو نەکردووە، یان پێویستییان به شاهید هەیە، بەڵێننامەی شاهیدەكان تەواو بكەن و دوای تەواوکردنیان سەردانی بانک بكەن بۆ ئەوەی مینحەکەیان بگەڕێتەوە.

ده‌شڵێ “ئەو زیندانییە سیاسییانەی کۆچی دواییان کردووە، وارسەکانیان رێکارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری زیندانییە سیاسییەکان تایبەت بە یاسای خانەنشینی بەرکار تەواو بکەن، دواتر سەردانی بانک بکەن بۆ وەرگرتنی مینحەکەیان.”

جەخت لەسەر ئەوەش كراوەتەوە، ئەوانەی لە لیستەكەدا ناویان هاتووە و مووچەی تریان هەیه، ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی كاروباری زیندانییە سیاسییەكان بكەن كە مینحەی زیندانی سیاسی وەرناگرن، بەڵكوو موچەکەی تریان هەڵدەبژێرن.