گردبوونەوەی ئەمڕۆی دوکاندارەکانی کاسۆمۆڵ - وێنە: 964
کارەبای سلێمانی قسەی بۆ 964 کردووە
“تا دوکاندارەکانی کاسۆمۆڵ قەرزی کارەبا نەدەن کارەبایان نادرێتەوە”
964+
پێشەوا محەمەد
ئەمڕۆ کارەبای بەشێک لە دوکانەکانی بازاڕی کاسۆمۆڵی ناوبازاڕی شاری سلێمانی بڕدرا، کارەبای شارەکە دەڵێت، ئەو دوکاندارانەی کارەبایان بڕدراوە قەرزدران و دەبێت قەرزەکەیان بگەڕێننەوە.
دوکاندارەکان ئەمڕۆ سێشەممە لە بەردەم بازاڕەکە گردبوونەوە، 964 لە زاری چەند دوکاندارێکەوە گواستییەوە، کە ئەوان قەرزدار نین و خاوەن بازاڕەکە قەرزدارە و بە وتەی خۆیان “ناکرێت ببنە قوربانیی ئەوەی خاوەن بینا قەرزی کارەبای نەداوە”.
لە بەرامبەردا بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی شتێکی دیکە دەڵێت.
سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەوەی قەرزدارە خاوەن دوکانەکانن نەک خاوەن بیناکە، چونکە هەر دوکانە و کارەبای سەربەخۆی خۆی هەیە و سەعاتی کارەبای خۆیان هەیە.
وتیشی، “پێشتر چەند جارێک ئاگادار کراونەتەوە هەر دوکاندارێک لە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار زیاتر پارەی کارەبا قەرزدار بێت دەبێت پارەکەی بدات و پێشمان وتوون بۆیان دەکەین بە چوار قیست، بەڵام نەیانهێناوە و کارەباکەیان بڕدراوە”.
کارەبای ناوبازاڕی سلێمانی بووە بە پریپەید و 24 کاتژمێر هەیە، نرخی هەرکیلۆواتێک 156 دینارە.
سیروان محەمەد بڕی ئەو پارەیەی ئاشکرا نەکرد، کە ئەو دوکاندارانە قەرزدارن، بەڵام وتی، “هەتا قەرزەکە نەگەڕێننەوە کارەبایان پێ نادرێتەوە”.