خشتەی موچە دوادەکەوێت
وەزارەتی دارایی هەرێم ناڕەحەتە لە رێکارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و بەیاننامەی دەبێت
+964
ژووری هەواڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووری خۆمان نیگەرانە لەو رێکارانەی دارایی فیدراڵ گرتوویەتیە بەر، لە کۆبوونەوەدان و شەن و کەوی ئەوە دەکەن کە لەرێی بەیاننامەیەکەوە ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن.
ناڕەزاییەکانی وەزارەتی دارایی لەسەر دوو ئاستە، یەکێکیان دواخستنی موچەو پارچە پارچە کردنی لەبەغداوەو بێبەشکردنی وەزارەتی پێشمەرگەو ئەنجومەنی ئاسایش، بەتایبەتی ئەو موچەیەی لە بەغداوە هاتووە بەشی هەموو وەزارەتەکان ناکات و ناتواندرێت بەم شێوەیە خشتەی موچە رابگەیەندرێت.
تائێستا هیچ باسوخواسێکیش لەبارەی داهاتی ناوخۆوە نییە ئاخۆ بۆ پڕکردنەوەی موچە بەکاردێت یان نا.
بەشی دووەمی ناڕەزاییەکەیان لەسەر ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی دارایی عێراقە کە دەڵێت مانگی داهاتوو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەنیا لە رێی بانکەکانەوە دابین دەکرێت، دارایی هەرێم گومانی هەیە لەوەی لەو ماوەیەدا بتوانن هەژماری بانکی بۆ هەموو فەرمانبەران بکەنەوە.
964 زانیوێتی بەو هۆکارە راگەیاندنی خشتەی موچە دوادەکەوێت، بەئەگەرێکی زۆر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم بەیاننامەیەکی لەو بارەیەوە بڵاو دەکاتەوە.
لە دوێنوە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە کە پارەی موچەی رەوانەی هەرێم کردووەو لیستێکی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام وەزارەتی دارایی خۆمان هیچی لەسەر ناڵێت.
لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا 964 زیاتر لە هەشت جار پەیوەندی کرد بە هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی، بەڵام وەڵام ناداتەوە، بە نامەی واتساپیش بۆی نوسراوەو دەنگی بۆ نێردراوە، بەڵام نامەکان دەبینێت و دیسان وەڵام ناداتەوە، ئەم حاڵەتە لەگەڵ وتەبێژەکەی دارایی زۆرجاری تر روویداوە.
پرسیارەکانی 964 ئەمانەن:
– ئایا بەغدا راست دەکات پارەکەی ناردووە؟
– ئەو بڕەی بەغدا رایگەیاندووە کەمترە لەوەی پێویستە بۆ موچە، ئەوە چۆن چارەسەر دەکرێت؟
– داهاتی ناوخۆ بەشی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بوجە ناکات؟
– بەمزوانە خشتەی موچە رادەگەیەندرێت؟