پزیشکێکی ڤێرتێرنەری لە گردبوونەوەکەی ئەمڕۆ. وێنە:964+
پزیشکێکی ڤێرتێرنەری وا دەڵێت
“خەڵک هەیە لە شاری دیکە دەژیت لە ئیدارەی راپەڕین بە گرێبەست دامەزراوە”
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
ژمارەیەک پزیشک و کارمەندی ڤێرتێرنەری ئیدارەی راپەڕین ئەمڕۆ سێشەممە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی سەبارەت بە ئەنجامی دامەزراندنی کارمەندانی ڤێرتێرنەری بەگرێبەست و دەڵێن نادادی زۆری تێدایە.
سۆما حاتەم پزیشکێکی ڤێرتێرنەریە بە 964ـی وت، “ئێمە ئەنجامی ئەم دامەزراندنە بە گرێبەست رەتدەکەینەوە، چونکە نادادپەروەری لە پێوەرەکانی دەرچوون و کۆنمرەدا هەیە، بەجۆرێک لەناو لیستەکە دەرچووی ساڵی 2023ی تێدایە لە کاتێکدا زۆربەی ئەو کەسانەی کە دانەمەزراون دەرچووی ساڵانی 2013 و 2014 بوون”.
ئەو بزیشکەی ڤێرتێرنەری ئەوەشی وت، نادادپەروەری هەیە لە پێوەری کۆنمرەدا، بەجۆرێک بەشێک لەوانەی دامەزراون کۆنمرەیان کەمترە لەوانەی دانەمەزراون، یەکێک لە دامەزراوەکان لە پارێزگای هەولێر دادەنیشێت و لە سنوری ئیدارەی راپەڕین دامەزراوە، جگە لەوەی پێشتر بڕیار وابوو حەوت پزیشک دابمەزرێنرێن، بەڵام تەنیا چوار پزیشک دامەزراون و سێ کەسی تر گواستراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی راپەڕین.
موحسین عەبدوڵا لێپرسراوی هۆبەی ڤێتێرینەری رانیە بۆ 964 دەڵێت، “هەڵبژاردنی ئەو ناوانە لەلایەن لیژنەیەکەوە ئەنجامدراوە، نە من نە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرینەری راپەڕین کەسمان ئەندامی ئەو لیژنەیە نەبووین، بۆیە هیچ زانیارییەکمان لانییە، هاوشێوەی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تر ئەو ناوانە لەلایەن لیژنەکەوە هەڵبژێردراون و رەنگبێ ئێمەش تێبینیمان هەبێ لەسەر کۆمەڵێک شت کە کراوە”.
لێپرسراوی هۆبەی ڤێتێرینەری رانیە ئاماژەی بەوەشدا لیژنەکە هەر لەناو فەرمانگەکانی رانیەوە هەڵبژێردراون و هەم نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و هەم وەزارەتی ناوخۆ وەکو ئیدارە تێیدا بووە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی