پەیجی پارێزگای سلێمانی لە پێشوازی وەفد یەکەمە

+964

فەهمی نەبی – هەولێر

بەگوێرەی سۆراغێکی 964+ بۆ پەیجی فەرمی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک لە فەیسبووک، دەرکەوتووە، زۆرترین پۆستەکانی ئەوەی هەولێر و دهۆک باسی پرۆژە دەکات و ئەوەی سلێمانی پێشوازی لە میوان و وەفدەکان کراوە.

پۆستەکان لە پەڕەی فەرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کراون کە لەلایەن کۆمپانیای فەیسبووک پشتڕاست کراونەتەوە.

بەدواداچوون بۆ پەیجی پارێزگای هەڵەبجە نەکرا، چونکە پەیجەکەیان لە لایەن فەیسبووک پشتڕاست نەکراوەتەوە و سەحە شینەکەی نییە.
پەڕەی فەرمی پارێزگای سلێمانی، 83 هەزار لایک و فۆڵۆوەری هەیە.
بەپێی پۆستەکانی پەیجی فەرمی پارێزگای سلێمانی، لە مانگی 11 و 12ی ساڵی 2022، بەو دوو مانگە 87 پۆستیان کردووە، لەو ژمارەیە سێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری بڵاکراوەتەوە بەڵام 43 پۆستی دەربارەی تەشریفاتی و پێشوازی بووە.

شاری سلێمانی لە ساڵی 1923 بووەتە پارێزگا، هەروەها بەپێی داتای فەرمی ساڵی 2018ی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان، ژمارەی دانیشتوانی سنووری ئەو پارێزگایە دوو ملیۆن و 82 هەزار و 832 کەسە.
پارێزگاری ئێستای سلێمانی دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکرە کە لە ساڵی 2017 دەستبەکاربووە.

سەبارەت بە پەیجی پارێزگای هەولێر، لە مانگی 11 و 12ی 2022، پەڕەی فەرمی پارێزگای هەولێر 303، پۆستی بڵاوکردوەتەوە، لەو ژمارەیە 88 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بووە، 19 پڕۆژە بەردی بناغەی بۆ دانراوە و بەو دوو مانگە 17 پۆستی پێشوازی بووە.

شاری هەولێر، لە ساڵی 1921 بوەتە پارێزگا، بەپێ ی داتای فەرمی وەزارەتی پلاندانان لە ساڵی 2018، ژمارەی دانیشتوانی سنووری پارێزگای هەولێر، یەک ملیۆن و 986 هەزار و 113 کەس بووە.
پەڕەی فەرمی پارێزگای هەولێر 142 هەزار لایک و فۆڵۆوەرسی هەیە و پارێزگاری ئێستای ئومێد خوشناوە.

سەبارەت بە پەیجی پارێزگای دهۆک، لە لە مانگی 11 و 12ی 2022، پەڕەی فەرمی پارێزگای دهۆک، 155 پۆستی بڵاوکردوەتەوە، لەو ژمارەیە 35 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بووە، 12 پۆستیش پڕۆژەی دانانی بەردی بناغە بووە، 13 هەواڵی پێشوازی بووە

شاری دهۆک، لە ساڵی 1969 بۆتە پارێزگا، پارێزگاری ئێستای عەلی تەتەرە، پەڕەی فەرمی پارێزگای دهۆک، 74 هەزار فۆڵۆوەرس و لایکی هەیە.

بەپێ ی داتای فەرمی وەزارەتی پلاندانان کە لە ساڵی 2018 بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی دانیشتوانی سنووری پارێزگای دهۆک یەک ملیۆن و 397 هەزار و 515 کەس بووە.

دەرئەنجامی ئەو ژمارانە هەرچیەک بێت، ئەو راستیە ناگۆڕێت، کە لە ساڵی 1924 ئەمین زەکی بەگ، نوێنەری شاری سلێمانی لە پەرلەمانی عێراق، پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری نێوان کەرکوک -سلێمانی و سلێمانی -هەورامان دەباتە پەڕلەمانی عێراق، بەڵام دوای 98 ساڵ، شاری سلێمانی لە رووی پڕۆژەوە بەپێی دەرئەنجامی سۆراغی ئێمە فەرامۆشکراوترین پارێزگای هەرێمی کوردستانە.