هێشتا چاک نەکراوەتەوە
سێ بۆریی ئاوی دوکان – سلێمانی دەگۆڕدرێت
964+
پێشەوا محەمەد
تیمی چاککردنەوەی شکاویی بۆریی هێڵی ئاوی سلێمانی – دوکان چەند بۆرییەک دەگۆڕن، چونکە وەک بەڕێوەبەری ئاوی بازیان باسی دەکات، خراپ شکاون.
شکانی بۆرییەکە زیاتر لە هەفتەیەکە بازیان و چەند ناحیەیەکی و چەند گەڕەکێکی سلێمانیی بێ ئاو کردووە، رۆژی هەینی دوای ئەوەی چاککرایەوە، هەمان رۆژ جارێکی دیکە شکایەوە.
هاوڕێ حسێن، بەڕێوەبەری ئاوی بازیان بە 964ـی راگەیاند، ئەگەر باران نەبارێت، سبەینی بۆرییەکە چاک دەکرێتەوە و کێشەکە چارەسەر دەبێت.
وتیشی، “سێ بۆریی گۆڕدراون چونکە خراپ شکاون، پێشتریش دوو بۆریی تری گۆڕدران بەڵام لە شوێنێکی دیکەوە شکاوەتەوە”.
بەپێی زانیارییەکانی 964، شکانی بۆرییەکە 350 هەزار هاوڵاتیی لە سنووری قەزای بازیان بێ ئاو کردووە.
“بارانبارینی زۆر و خزانی بۆرییەکان لەگەڵ کۆنیان هۆکاری شکانی بۆریی هێڵی ئاوی دوکان – سلێمانین”، ئەوەش قسەی هاوڕێ حسێنە.