دیمەنی ئەو بەلەمانەی کەلوپەلە قاچاغەکان دەگوازنەوە _ وێنە: 964
رۆژهەڵاتی کوردستان
لەسەر رووباری سیروان زیاتر لە 26 بەلەم باری قاچاغ دەگوازنەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لەسەر رووباری سیروان، لە نێوان شارەدێی هەجیج و نودشە، دەیان تۆن باری قاچاغ لە رێگەی بەلەمەوە بۆ بازاڕەکانی تاران، ئەسفەهان و شارەکانی ئێران دەگوازرێنەوە.
ئامێری کارەبایی، جگەرە، کحول، تەلەفیزیۆن و جلوبەرگ و کەرەستەی جۆراوجۆری تێدایە.
ئەو کەلوپەل، خواردن و خواردەمەنییانە، کۆڵبەرەکان لە باشووری کوردستانەوە (هەورامانی سەخت) و نەوسود لە رێگەی زنجیرە چیای تەتە لە (هەورامانی تەخت)، دەیهێننە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە دوکان و مەخزەنەکاندا کۆگای دەکەن، دواتر بە سەیارەی بارهەڵگر (میکزەمین) بۆ سەر رووباری سیروان دەیگوازنەوە.
پەروێز سەرپیر، یەکێک لەو کەسانەی کە کۆڵبەری کردووە بە 964ی وت، لە گوندی نودشە و هەجیج کە دوو گەورە شارەدێن لە پارێزگای کرماشان و هەورامانی تەخت، بارەکان ئامادە دەکرێن، دواتر بەلەمەکان لە رێگەری رووبارەوە بۆ نزیک شارە فارس نشینەکانی دەگوازنەوە و زیاتر لە 40 خولەکێک رێگا دەبڕن.
ئەو کارە لە رێگەی زیاتر لە 26 بەلەمەوە دەکرێ، بژێوی شۆفێر و خاوەنەکانی و سەرجەم خاوەنکار و کۆڵبەر و شۆفێری ئۆتۆمبیلەکانیش لەسەر ئەو کارەیە، لە بەدواداچوونی مەیدانییەکە پۆلیس لە ناوچەکە دەبینرا، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی توند و تۆڵ نەبوو بۆ دانانی بازگە و لێپرسینەوە.
بە قسەی، خاوەنکار رەزا محەمەدیان بێت، هێزە ئەمنییەکان ئەگەر باری قاچاغ بگرن لێکۆڵینەوە دەکەن، بەڵام ئەو کەسانەی بەو کارە سەرقاڵ دەبن دەزانن چۆن هەماهەنگی بکەن و بارەکان بگوازنەوە سەر رووباری سیروان، تا بیان گەیەنن بە شارەکانی دیکەی ئێران.
هەر بەلەمێک بە یەک ملیۆن و 500 هەزار تمەن و بە پێی کیلۆ بارە کەلوپەل و خواردەمەنییەکان دەگوازنەوە، سەرەڕای ئەوەی نزیکەی 10 مەتر ئاوی رووبارەکە دابەزیوە، بەڵام لە چاڵاییەکدا سەرقاڵی بارکردنی بارە قاچاغەکان دەبن و بە خێراییەکەی زۆر دەیانگوازنەوە.